ئایا "نێچیرڤان"یش بەدەردی "لاهور" دەچێت؟
  2021-07-27       4093       

ئا: ئاوێنە

 

ساڵانێكی زۆرە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوە بەتاقیگە، تاقیگەی تاقیكردنەوەی قەیرانەكان، لەم تاقیگەیەدا دەرکەوت لەپێناوی دەسەلاتدا ئامۆزاکانن پێکەوە هەڵناکەن، ماڵی بارزانیش بەوردی سەیر دەكەن بزانن لەكام تاقیکردنەوەیاندا یەكێتی سەركەوتو دەبێت تا شوێن پێی هەڵگرن.

11 ساڵ لەمەوبەر، یەكێتی كۆنگرەی سێهەمی بەست، تاڵەبانی باوك كە رەنگە لەمێژوی كوردا "زیرەكترین‌و میكیاڤیلترین" سیاسەتمەدار بوبێت، هات بۆ ئەوەی دو كەسایەتی بەهێز‌و پێویستی ئەو رۆژگارەی دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان، دڵگران‌و توشی شۆك نەكات، لەململانێی دەنگدانی ناو كۆنگرەو كێبڕكێ‌ كردن لەگەڵ "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد"ی هاوسەری بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی بەشداربوانی كۆنگرەكە دور خستەوە، بەتەزكیە "كۆسرەت رەسوڵ"‌و "بەرهەم ساڵح"ی كرد بە"جێگری یەكەم‌و دووەمی سكرتێری گشتی"‌و بەدەنگدانیش "هێرۆ" پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
زۆری نەبرد پارتیش كۆنگرەی سیانزەی بەست، بارزانیش باش دەیزانی نێچیرڤان‌و مەسرور بچنە ركەبەرییەوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە، عاقیبەتی خێر نابێت، بۆیە هەمان سیناریۆی تاڵەبانی لەناو كۆنگرەی پارتیدا دوبارە كردەوە.
بۆ رێگرتن لەسەرهەڵدانی ركەبەری‌و بەریەك كەوتنی نێچیرو مەسرور، هات بەتەزكیە نێچیرڤانی كرد بەجێگری خۆی كە سەرۆكی پارتییە، بەڵام لەبەرامبەردا زۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرەی بۆ مەسرور بارزانی مسۆگەر كرد‌و بەدەنگدان لەناو پارتیدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
پاش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، كە لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەوە تا ساتی گیان سپاردنی تاقە سەركردەو رابەرو سکرتێری گشتی بوو، كەس نەبو لەناو یەكێتیدا بتوانێ‌ جێگەی بگرێتەوە، هەمو ئەوانەی هەوڵیان دا ببنە خاوەنی یەكێتی، بەئاسانی‌و هەر زو شكستیان هێنا، لەو قۆناغەدا هێرۆ ئیبرائیم ئەحمەدو بافڵ‌و قوباد‌و لاهورو براكانی بونە بەهێزترین گروپی ناو یەكێتی‌و هەنگاو بەهەنگاو كۆتاییان بەدەسەڵاتی سەركردەو فەرماندە كلاسیكییەكانی ناو یەكێتی هێنا‌و كۆنگرەی چوارەمی ئەم حزبەش ئەم واقیعەی بەرجەستە كرد‌، ماڵباتی تاڵەبانی‌و شێخ جەنگی‌و ئیبراهیم ئەحمەد بون بەخاوەنی بڕیاری سیاسی یەكێتی‌‌و بافل‌و لاهوریش، ئەو جوت ئامۆزایەی دامەزرێنەری دەزگای دژە تیرۆر بون، بون بە"هاوسەرۆك".
تا ئێرە ماڵبات‌و ئامۆزاكان پێویستیان بەیەكدی بو، تا پێكەوە لەبەرامبەر خواستی سەركردە كلاسیكییەكانی ناو یەكێتیدا یەكڕیز بن‌و پشتی یەك بگرن‌و یەک بەیەکیان بخەن.
بەڵام ئەنجامەكانی كۆنگرەو دەرهاویشتەكانی كە ماڵی شێخ جەنگی وەك بەهێزترین گروپی ناو یەكێتی تیا دەركەوت، سەرەتای درزو كەلێن خستنە نێوانیانەوە بو، لاهورو براكانی لەلایەك، بافل‌و براكەشی لەلایەك، هەریەکەو بەشێنەیی كاریان بۆ ئەوە كرد لەقۆناغی داهاتودا هەمو سەرەداوەكانی دەسەڵاتییان لەدەستدا بێ‌‌و بەتەنها خاوەنی بڕیاری سیاسی‌و لەلوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتی یەكێتیدا بن.
سەرەنجام لەتاقیگەی یەكێتیدا، هاوسەرۆك تاقیكرایەوەو سەركەوتو نەبو، لەئۆپراسیۆنێكی پلەی ستەیشن ئاسادا، بافل‌و قوباد بەهاوكاری چەند سەركردەو فەرماندەیەكی یەكێتی، لاهورو براكانیان لەهەمو دەسەڵات‌و سەرچاوەیەكی هێزو داهات داماڵی.
كەواتە هاوسەرۆكیی مۆدیلێك نییە تا ماڵی‌و بارزانی‌و پارتی بۆ مەسرور‌و نێچیر چاوی لێبكەن، چونكە لەتاقیگەكەدا دەركەوت "هاو"ەكان دو مادەو پێكهاتەی دژ بەیەكن‌و دانویان بەیەكەوە ناكوڵێ‌، ئەبێت یەكێكیان جێگە بۆ ئەویتریان چۆڵ بكات.
مەسرورو نێچیرڤان دو ئامۆزان، كە هەردوكیان چاویان لەسەر بون بە"سەرۆك"ی داهاتوی پارتییە، كامیان ئەو سەرۆکییە دەیباتەوەو چۆنیش دەیباتەوە؟ ئەمە پرسیارەکەیە.
مەرج نییە یەكلاكردنەوەی ئەو گەمەیە بەهەمان سیناریۆ‌و شێوازی ئێستای یەكێتی بێت، بەسەرنجدان لەوەی دەزگا ئەمنییەکان‌و هێزیش لای مەسرورە، هاوکات یەكێك لەشانس‌و بەختەكانی پارتی‌و ماڵی بارزانی ئەوەیە كە هێشتا مەسعود بارزانی لەژیاندا ماوەو تا ئێستا ئەمە رێگر بوە لەبەردەم سەرهەڵدانی هەر جۆرە پێکدادان‌و ناكۆكییەكی نێوان ئەم دو ئامۆزایەدا، چونکە بەردەوام خەمی مەسعود بارزانی راگرتنی هاوسەنگی ناو خێزان‌و بەرژەوەندی بنەماڵەكەی بوە، بەتایبەتی بەتەنگ پاراستنی هاوسەنگی دەسەڵاتی نێوان نێچیرڤان‌و مەسرورەوە بوە، ئەگەرچی بەشێوەیەكی شاراوە زیاتر پەرۆشی مەسرورو بەهێزکردنی بوە، بەڵام زۆر بەوردی کاری بۆ یەکگرتویی بنەماڵەکەی کردوە، کە خاڵی بە‌هێزی ئەوان‌و پارتییە.
ئەگەرچی ساڵانێكی زۆرە باس لەململانێ‌‌و زۆرانبازی شاراوەو ئاشكرای نێوان نێچیرڤان‌و مەسرور دەكرێ‌، كە هەردوكیان پێشبڕكێیانە ببنە كەسی یەكەمی ناو پارتی، بەڵام تا ئێستا بونی مەسعود بارزانی نەیهێشتوە ئەم ناكۆكیانە بەوجۆرە بەرجەستە بن كە نەیار‌و ربەكەرەكیانیان ئاواتیان بۆ خواستوە.
بەڵام لەناو حزبە گەورەو بچوکەکانی کوردستاندا ئیتر ئەمە بوە بەنەریت کە پێگەی کۆمەڵایەتی‌و دەسەڵات‌و پۆست لەناو ماڵبات‌و بنەماڵەیەکدا لەباوکەوە بۆ منالەکان بەمیرات دەمێنێتەوە، وادیارە كەس ناتوانێ‌ لەناو پارتیشدا لەم رێسایە لابدات، تەنانەت ئەگەر "نێچیرڤان بارزانی"ش بێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×