دۆخێکى ترسناک هەناسەى لەبەر ژنان بڕیوە!
  2021-09-15       2469       

ڕەنجدەر عوسمان



کۆتا ڕۆژەکانى ٢٠١٨، لە گەڕەکێکى قەزاى چەمچەماڵىسەر بە پارێزگاى سلێمانى، ژنێک بەخۆیی و هەر سێ جگەرگۆشەکەیەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسوتێنرێت.


سێوان قادرى تەمەن ٢٣ ساڵ، دەروون، تەمەن یەک ساڵ، لارین، تەمەن دوو ساڵ، دارین، تەمەن پێنج ساڵ، لە نیوەشەوێکى مانگی ١٢ى ٢٠١٨، لە ماڵەکەى خۆیاندا دەسووتێندرێن، هەر ئەو کات و لەوێ، لەناو گڕ و  بڵێسە و دوکەڵى ئاگرى ناو ماڵەکە کە هەر لە دۆزەخى دەکرد، هەر سێ منداڵەکە گیان لە دەست دەدەن.
سێوانیش، بە  جەستەى سوتاوەوە ڕەوانەى نەخۆشخانەی فریاکەوتنى سووتاوى دەکرێت لە سلێمانى، توێکاری پزیشکانى نەخۆشخانەکەش دەیسەلمێنن کە جەستەى سێوان بەڕێژەى لە ٩٠% سووتاوە.
دواى شەش ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەکە لەگەڵ سەختى برینەکەىی و ئازارى سووتاویەکەى ،سێوان، لە ڕۆژى ٢٤/١٢/٢٠١٨ بە یەکجاریی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و ڕۆحى ئەویش دەچێت بۆ لاى منداڵەکانى.
دۆسییەی گیانلەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی، یەکێک لەو دۆسییە تاوانکارییانەبوو، کە شڵەژانێکی کۆمەڵەیەتیی زۆری بەدواى خۆیدا هێنا.
ئەو، بەر لەوەى دونیا جێبهێڵێت، ئەو دەمەى بە جەستە و ڕۆحى بریندارەوە لەسەر تەختەى نەخۆشخانەکە کەوتوە، هاوژینەکەى تۆمەتبار دەکات بە سووتانى خۆى و منداڵەکانى.
دواى نزیکەى ١٨ مانگ و ١٦ دانیشتنى دادگا، دادگاى سلێمانى تۆمەتەکانى سێوانى سەلماند و بریارى لە سێدارەدانى بۆ هاوژینەکەى دەرکرد.
سێوان ، یەکەم و دواهەمین قوربانییەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان نییە، بەڵکو یەکێکە لەو هەزاران ڕوداوە توندوتیژیانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێن.
تازەترین ئاماریی بەرێوەبەرایەتى گشتى بەرەنگاربوونەوەى تووندووتیژیی خێزانى و ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە توندووتیژییەکان وەک خۆیانن و قوربانییەکان کەمى نەکردوە.

بەپێى ئامارەکە کە دەست ڕێدلاین کەوتوە، لە نیوەى یەکەمى ٢٠٢١،  (٨) ژن لەلایەن کەس و کاریانەوە کوژراون و (٣٤)ى دیکە خۆیان کوشتوە، هەروەک (٤٨) ژنیش خۆیان سوتاندوە و (٥٥) ژنیش ڕووبەرووى گێچەڵى سێکسى بوونەتەوە، (٥٠٧٩) سکاڵاش لەلایەن ژنانەوە تۆمار کراون.
لە شەش مانگى یەکەمى ٢٠٢٠،  تەنها (٣) ژن  کوژراون و (١٣) حاڵەتى خۆکوشتنیش هەبوە، هەروەک (٢٦) ژنیش خۆیان سوتاندوە، هەر بەپێى ئامارەکە  (٤٥) ژنیش ڕووبەرووى گێچەڵى سێکسى بوونەتەوە، (٣٧٦٩) سکاڵاش لەلایەن ژنانەوە تۆمار کراون.
بەم شێوەیە دەردەکەوێت شەش مانگى یەکەمى ساڵى پار، سەلامەتتر بوە بۆ ژنان لەچاو نیوەى یەکەمى ئەمساڵ.

ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵانە و بە تایبەت لە ٨ى مارس و ٢٥ نۆڤەمبەر، بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵێنى ئەوە دەدەن کە کار بۆ کەمکردنەوەى تووندووتیژییەکان دەکەن بەرامبەر بە ژنان، چەندین سیمینار و وۆرکشۆپیش بۆ ئەو مەبەستە رێکدەخرێت، بەڵام ئامارەکان هێشتا دۆخێکى دژوار و ترسناک بۆ ژنان نیشان دەدەن.

ژنان، هیچ ساڵێکیان بەبێ توندوتیژیی بەڕێ نەکردوە!
بەپێی بنکۆڵکارییەکی ڕێدلاین،  بە پشتبەستن بە ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی خێزانى و ئافرەتان دەردەکەوێت کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەهەرێمی کوردستان، ژنان، هیچ سالێکیان بەبێ پێشێلکردنى مافەکانیان و تووندوتیژیی بەرامبەریان تێپەر نەکردوە، بەتایبەت لە ماوەى نۆ ساڵ و نیوى ڕابردوودا.

لە ساڵى ٢٠١٢ تا ناوەڕاستى ٢٠٢١ ، چوار هەزار و چوارسەد و چل و پێنج (٤٤٤٥) حاڵەتى توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان تۆمارکراون، حاڵەتەکان کوشتن و خۆکوشتن و سوتان و خۆسوتاندن و گیچەڵى سێکسی دەگرنەخۆ، بەجۆرێک لە ماوەى ئەم نۆ ساڵ و نیوەدا،(٩٤٥)  ژن کوژراون یاخود خۆیان کوشتوە، (١٠٩١) حاڵەتى گێچەڵ و دەست درێژیی سێکسىیش لە بەڕێوەبەرایەتییەکە تۆمارکراون، ئەمە جگە لە بوونى دەیان هەزار سکاڵا.
کوردە عمر بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی خێزانى و ئافرەتان  لە هەرێمى کوردستان بە ڕێدلاینى وت "ڕێژەى توندوتیژییە خێزانییەکان  بە تایبەت توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان زۆر بەرزە و ئەمساڵیش رێژەکە هاوشێوەى ساڵانى پێشووە، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژانە لەلایەن ژنانى هەڕشە لێکراوەوە  پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و هێڵەگەرمەکانیانەوە دەکرێت"
هانا شوان چالاکوانی مافەکانی ژنان و بەرێوەبەرى پڕۆژە لە بەشى توندوتیژیی جێندەری لە ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت، کە  زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەو نێوەندەدا کار دەکات،  هەڕەشە و پێشێلکارییەکان دەگێرێتەوە بۆ دواى ڕاپەڕینى کوردەکان لە ساڵى ١٩٩١ "کوشتن بە بیانووى شەرەف لە دواى ڕاپەڕینەوە لەلایەن شۆڕشگێڕان و دەسەڵاتدارانەوە دەستى پێکرد، هەر ئەو کات، چەندین ژن بە بیانووى هاوکاریکردنى بەعس کوژران و بکوژان ڕووبەڕووى هیچ سزایەک نەبوونەوە،  ئەمە هۆکارێکى گەورە بوو کە کوشتنى ژنان وەک مۆدێلى لێبێت و کەس سڵ لە کوشتنیان نەکاتەوە".

توندوتیژییەکان شەرعیەت لە دەسەڵاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان وەردەگرن
 هانا شوان دەڵێت "لە سى ساڵى ڕابردوو بە قۆناغى جیاجیا، قەیرانە کۆمەڵایەتى و سیاسی و ئابووریەکان، دواتریش شەڕى داعش و بیریی توندرەوى ئاینیی لە هەرێم، کاریگەرییان هەبوە لەسەر زیادبوونى پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان،  ململانێى حیزبە سیاسیەکانیش لەسەر وەرگرتنى دەسەڵات، بە پلەى یەکەم ژن تیایدا بوەتە قوربانى."
"سەرەڕاى توندووتیژییەکان، نابەرانبەریی لە ڕەخساندنى هەلى کار  لەناو دەزگاکانى ڕاگەیاندن، دامودەزگاکانى حكومەت و ناوەندەکانى بڕیاردا، هەوڵێکى زۆریش هەیە بۆ ئەوەى ژنان لە پانتاییە کۆمەڵایەتیەکان بکرێنە دەرەوە، لە سۆشیال میدیاشدا، ژنان لەلایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووى تەنگپێهەڵچنین، هەڕشە و ئابرووچوون دەبنەوە، بەتایبەت هەندێک لە ژنان هەڕشەى بڵاوکردنەوەى نامە و ڤیدیۆچاتیان لێدەکرێت، هەموو ئەمانەش بەمەستى دەستەمۆ کردنیان" هانا شوان وای وت.

ئەمە هەمان وتەی کوردە عومەرە کە پێی وایە "سۆشیال میدیا  دیارترین هۆکارەکانى تووندووتیژین دژ بە ژنان، دواى ئەویش، بوونى چەک لەناو ماڵاندا، کێشە کۆمەڵایەتى و دەروونىیەکان چەند هۆکارێکى دیکەن"

کوشتن لەسەر شەرەف کەم بۆتەوە
هانا شوان بۆچوونى وایە "ئەوانەى ژن دەکوژن  هێزێکى سیاسی، سەربازیی یاخود عەشیرەتی لە پشتیانەوەیە و دەتوانن ئاسان لە یاسا دەربچن، خەڵک هەبووە پەناهەندەى وڵاتێکى ئەوروپى بووە و لەوێ ژنەکەى خۆى کوشتوە،  لێرەش تاوانبارى ڕاکردوو لە یاسا هەبوە، بەڵام فشارى ڕێکخراوەکانى ژنان وایکردوە، لە ئێستادا تاوانبار کەمتر بتوانێت لە یاسا  دەربچێت."
شادى نەوزاد ئەندامى لیژنەى داکۆکیکردن لە مافى ئافرەتان لە پەرلەمانى کوردستان بە ڕێدلاین وت "هەندێکجار بکوژ هەڵدێت، یاخوود دەسەڵاتى سیاسی و کۆمەڵایەتى دەیانگرنەخۆ،  هەندێک لە بکوژى ژنان ڕوو دەکەنە ناوچە جێناکۆکەکان وەک کەرکووک و موصڵ (ئەو ناوچانەى بەپێی دەستوورى عێراقى ناوچەى جێناکۆکن لەنێوان حکومەتى هەرێم و عێراق) و لەوێ خۆیان دەشارنەوە."
شادى باس لەوە دەکات کە "هەندێک تۆمەتبار ڕادەستى دادگا ناکرێن، یاخوود کاتێکى زۆر بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕ دەبێت." ئەو دەڵێت "بکوژى دوو کچ  دواى چەندین مانگ ڕادەستى دادگا کران، لە کاتێکدا دەزانرا لەکوێ داڵدەدراون، هێزە ئەمنییەکان نەیاندەتوانى بیگرن و ڕادەستى دادگاى بکەن"
بەگوێرەی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١ی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەهەرێمی کوردستان-عێراق، لەماددەی حەوتەمی یاساکەدا هاتووە، کەسی تۆمەتبار بەتوندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان سزادەدرێت، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و لە ٣ ساڵیش زیاتر نەبێت، بە سزای ماددیش کە لە ١ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٥ ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
کوردە عمریش ڕەتیدەکاتەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لێکۆڵینەوە لە کەیسى کوشتن و خۆکوشتنى ژناندا بکات، ئەو دەلێت، بەپێى یاساکە ئەمە کارى پۆلیسە.
کوردە ئاماژەشى بەوەدا کە "کوشتن لەسەر شەرەف کەمى کردوە، لە ئێستادا کوشتنەکان زیاتر بەهۆى کێشە کۆمەڵایەتییەکانى دیکەوەن، ئەو کەسانەى بەهۆى کوشتنى ژنانەوە زیندانى دەکرێن، بەر لێبوردنى گشتى ناکەون."


دواى تەسلیم کردنەوەیان بە کەس و کاریان ١٠ ژن کوژراون!
بۆپاراستنی ژیانیان لەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بەشێک لەژنان پەنا دەبەنە بەر شێڵتەرەکانی داڵدەدان، هەرچەندە پاراستنی ئەمنییەتی ئەو شێڵتەرانە بە دەزگا ئەمنییەکانی  وەزارەتی ناوخۆ سپێردراوە، بەڵام لەشێڵتەرەکانیش هەر لەژێر هەڕەشەدان و ماڵی ئارامیی ژنان نین، بەوەی کە ڕویداوە لەناو شێڵتەرەکاندا ژنان کەوتونەتە بەر توندوتیژی کەسو کاریان.
بەشێکیش لە ژنانیش لە بنەڕەتەوە دەستیان بەشێڵتەرەکان ناگات  و توندوتیژییەکە بە کوشتن یاخود ئازاردانی جەستەیی لەماڵەوە کۆتایی دێت.
لە هەرێمى کوردستان، ٣ شەڵتەری تایبەت بە ژنانى هەڕەشەلێکراو بوونى هەیە،
 لە چەند ساڵى ڕابردووشدا، دواى چارەسەرکردنى کێشەکانیان و  ڕادەستکردنەوەیان بە کەس و کاریان، ١٠ ژن لەلایەن کەس و کاریانەوە کوژراون، هەروەک دوو حاڵەتى خۆکوشتن و خۆسوتاندن لەناو شەڵتەرەکان بوونى هەبوە.
ئەندامەکەى پەرلەمان دەلێت " ژنانى هەڕەشەلێکراو، دواى بریاری دادگا دەتوانن ڕوو لە شەڵتەرەکان بکەن، زۆرجاریش بەهۆى ڕۆتیناتى زۆر لە دادگاکان، کەیس هەبووە  ماوەى چەندین ساڵ لە شەڵتەرەکان ماوەتەوە."
 "ڕەوشى ژنانى ناو شەڵتەرەکان باش بکرێت و چاکسازیی بکرێت لە شەڵتەرەکاندا، هەروەها میکانیزمى ڕادەستکردنەوەى ئەو ژنانە بە کەس و کاریان چاک بکرێت، بۆ ئەوەى جارێکى دیکە ڕووبەڕووى توندوتیژیی و هەڕەشە نەبنەوە لەلایەن کەس و کاریانەوە." ئەمە داواکاریی  هانا شوانە لە حکومەتى هەرێم.

لە هەرێم، نزیک بە ٢٠ ڕێکخراوى ژنان هەن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێدلاین، نزیکەی ٢٠ ڕێکخراوى بوارى مافەکانى ژنان لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن، ئەوە جگە لە  دەیان ژنە چالاکى دیکە کە بەشێوەى سەربەخۆ وەک داکۆکیکەرى مافەکانى ژن چالاکن.
هانا شوان لەبارەی ژمارەی ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی ژنانەوە پشتڕاستی زانیارییەکانی ڕێدلاینی کردەوە و وتی" بونی ٢٠ ڕێکخراوی بواری مافەکانی ژنان ژمارەیەکی کەمە، بەشێکی زۆرى ئەندامى ڕێکخراوەکان بەشێوەى خۆبەخش کار دەکەن، زۆرجار تواناى دابینکردنى خواردن و کرێى هاتوچۆيان نييە بۆ ئەندامەکانیان، سەرەڕاى ئەوەى هەوڵى زۆر هەبوە لەلایەن حیزبەکانى دەسەڵاتەوە بۆ داخستنیان و کپکرددنى دەنگى نا."
چالاکوانەکە  زیاتر لەم بارەیەوە دوا "زۆرجار بەهۆى  یەکدەنگ نەبوونى ڕێکخراوەکانى ژنان، نەتوانراوە ئامانجە درێژمەودا و بەڵێن پێدراوەکان بێنەدى، هەروەک زۆرى قەیران و پێشێلکارییەکان لە توانا و قودرەتى رێکخراوەکاندا نییە."
" ئەگەرچى لەم چەند ساڵەى دوایدا و بەهۆى زۆربوونى حاڵەتەکانى کوشتن و خۆکوشتن، ڕێکخراوەکانى ژنان یەکدەنگ بوون، بەمەش توانرا فشار بخرێتە سەر سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى، بەم هۆیەشەوە کۆمەلێک لێپرسینەوە ئەنجامدران، بەتایبەت لە ئێستادا، بکوژى ژنان لەماوەى چەند رۆژێکدا دەستگیر دەکرێن، سزا یاساییەکان توندکراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکان زیاتر بوە، بەڵام هێشتا لە ئاستى پێویستدا نین" هانا شوان واى بە ڕێدلاین گووت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×