ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئیستەنبوڵ: ئیمام ئۆغلو ٥٤٪ یڵدرم ٤٥٪
  2019-06-23       1864       

ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، لە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكەدا توانی بە بەدەستهێنانی لەسەدا 54ی دەنگەكان بەسەر بیناڵی یڵدرم، كاندیدی ئاكپارتی دەسەڵاتداردا، بۆ جارێكی دیكە سەربكەوێت.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی توركیا(ئەنادۆڵو)، تا ئێستا لەسەدا 99.37ی سندوقەكانی دەنگدانەكەی ئەمڕۆی شارەوانی ئیستانبوڵ جیاكراونەتەوەو بەپێی ئەنجامەكان ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، توانیویەتی لەسەدا 54.03ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت ئەوەش بە بەدەستهێنانی چوار ملیۆن و 698 هەزارو 782 دەنگ.

بەڵام بیناڵی یڵدرم، كاندیدی پارتەكەی ئەردۆغان لەسەدا 45.09ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە ئەوەش بە بەدەستهێنانی سێ ملیۆن و 921 هەزارو 201 دەنگ.

بەپێی میدیاكانی توركیا بیناڵی یڵدرم لە لێدوانێكدا دانی بە شكستەكەیدا ناوە.

لە هەڵبژاردنی پێشوی شارەوانی ئیستەنبوڵدا كە رۆژی 31ی مارس بەڕێوەچو و ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵی بردبوەوە، دواتر لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاوە لەسەر داوای حزبەكەی ئەردۆغان، هەڵوەشێنرایەوە.

لە هەڵبژاردنەكەی پێشودا ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، تەنها 13 هەزار دەنگ لەپێش بیناڵی یڵدرم-ەوە بو توانی بوی لەسەدا 48.8 دەنگەكان بەدەستبهێنێت لەكاتێكدا یڵدرم لەسەدا 48.6ی دەنگەكانی بەدەستهێنا بو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×