دو پەرلەمانتاری عێراق: توانای بەرهەمێنانی كارەبا لە كۆمپانیای قەیوان و كار دەدرێتە حكومەتی عیراق
  2019-06-27       1739       

 

دو پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لەنوسینێكی هاوبەشیاندا رایدەگەیەنن توانای بەرهەمێنانی كارەبا لە كۆمپانیای قەیوان و كار دەدرێتە حكومەتی عیراق، دەشڵێن " تا دێت لەرێگەی ئەم كۆمپانیایاەوە كار و قەیوان ژەهری پاڵاوگەكان دەرژێنن بەسەر كوردستان و بەرهەمەكەی دەفرۆشنە پارێزگاكانی تر".



ئاوێنە: غالب موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆران‌و سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری عێراق لەفراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ رایدەگەیەنن ئەوان  پێشتر لە رێگەی دادگا دەستیان كردوە بە هەنگاونان بۆ فشار خستنە سەر بەرپرسانی هەرێم بۆ رادەستكردنی نەوت، لە پەرلەمانیشەوە پشتیوانی تەواوی ئەو هەوڵانە دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی و تاڵانی نەوت لە كوردستان دەشڵێن " ئێمە نوێنەری خەڵكین نەك كۆمپانیاكان".

 


نوسینەكەی غالب موحەمەد‌و سەركەوت شەمسەدین

پەرلەمانتار نوێنەری خەڵكە نەك بەرژەوەندی كۆمپانیاكان

رۆژی سێ شەممە (۲٥_٦_۲٠۱۹) پاش ئەوەی پارتی و یەكێتی لە دوو مانگی رابردوو دا لۆبییەكی بەهێزیان كرد بۆ رێگریكردن لە لێكۆڵینەوەكانی پەرلەمانی عێراق لە گرێبەستە گوماناویەكانی هەردوو كۆمپانیان قەیوان و كار لەگەڵ وەزارەتی نەوت و كارەبای عێراق و پارێزگاكانی عێراق، بەڵام دواجار سەركەوتو نەبون و سەرۆكایەتی پەرلەمان بریاری دا كەلیژنەی نەوت و وزە لێكۆڵینەوەكانی دەستپێبكات.
لە كاتی موناقەشەكردنی ئەو برگەیە تایبەت بوو بە كار و قەیوان ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی سەرسەختانە كەوتنە دژایەتكردنی ئەم برگەیە كە پێشتر هەرگیز نەمبینیون لەسەر موچە و بودجەی كوردستان ئاوا بەو توندییە بەرگری بكەن. ئێمە دەپرسین خەڵكی هەرێم پەرلەمانتاری هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ئەو بكات یان نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی نزیك لە حزب؟ 

ئەم برگەیە دووجاری پێشوو بە فشاری پارتی و یەكێتی دواخرابوو، بەڵام توانرا ئەمرۆ رەوانەی لیژنەی نەوت و وزە بكرێت و لیژنەكەش بەمزوانە لێكۆڵینەوە دەستپێدەكات.

بەڵام بابەتی ئەم نوسینە ئەوەنیە باس لە بریارەكەی پەرلەمان بكەین، بەڵكو گرنگە خەڵكی كوردستان بزانن كە ئەم دوو كۆمپانیایە كە خاوەندرێتییان رونە سەربەكێیە لە كوردستان، كاریان بە عێراق چییە و بۆچی كشاون بۆ كێڵگە و بازارەكانی عێراق؟!
لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە دارێژەری سیاسەتی نەوتی كوردستانە، ئەو سیاسەتەی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی رەنج بەخەسار بردوە و گروپێكیش پێیبون بە ملیاردێر، دژی ئەوەیە قەترەیەك نەوتیش لەرێگەی عێراق ەوە بفرۆشرێ و یاسای میزانیەی ۲٠۱۹ پێشێلدەكات و ئەو ۲٥٠ هەزار بەرمیلە كە لەسەریەتی ناینێرێ و بەهۆیەشەوە بودجەی كوردساتن وەك سەدەقە و خێرپێكردن لەلایەن بەغداوە تەنیا بەشی موچەی فەرمانبەران بەفشار و پارانەوە رەوانە ئەكرێت، جوتیاران پارەی گەنمەكانیان سێ ساڵە راگیراوە، ئێستاش موچەی فەرمانبەران بەردەوام لەبەردەم هەرەشەدایە، بەڵام پارتی بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك و بوژاندەوەی كوردستان ئامادەی رادەستكردنی نەوت نیە.
حەجمی گرێبەستەكانی هەردوو كۆمپانیا ملیاران دۆلار كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان گرێبەستەكان بە نرخی بەرز و نائاسایی و بێ رەچاوكردنی كێبركێ ئەنجامدراون. وردەكاری ئەم گرێبەستانە و بوارەكانی پێشتر لە بەدواداچونێكی پەرلەمانتار دكتۆر غالب محمد خراوەتەروو كە لە خوارەوە دوو بارە دایدەرێژینەوە.

هەرچەندە ئێمە پشتیوانی كرانەوەی بازارەكانی عێراق بۆ وەبەرهێن و بازرگان و جوتیاران و خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەین تا بتوانن بەرهەمەكانیان لە تەواوی عێراق بفرۆشن و ۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی تەواومان دا كە بەربەست و خاڵە گومرگیەكانی نێوان كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق لاببرێن، بەڵام ئێمە دەپرسین كۆمپانیاكانی كار و قەیوان لەسەر حسابی كێ ئەمگرێبەستە ملیاران دۆلارانە دەكەن لەگەڵ عێراق لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی رادەستنەكردنی ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ ئابوری هەرێمی كوردستانی روبەروی ئیفلاس و ماڵوێرانی كردۆتەوە بەڵام تا دێت لەرێگەی ئەم كۆمپانیایاەوە (كار و قەیوان) ژەهری پاڵاوگەكان دەرژێنن بەسەر كوردستان و بەرهەمەكەی دەفرۆشنە پارێزگاكانی تر؟ بەڵام دێت كارەبا بەرهەم دێنێ و لەرێگەی بورجەكانی كوردستان كە موڵكی خەڵكە دەیفرۆشنە شارەكانی تری عێراق بێ ئەوەی یەك دۆلار بدەن بە كوردستان. 

بۆیە گرنگە هاوڵاتیانی كوردستان بزانن كە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیاكانیان چۆن مەلەفی نەوت و موچەی كوردستان خراوەتە مەزادی گرێبەست و رێكەوتنی ژێر بەژێر بە ناوی سەربەخۆیی ئابوری. ئێمە بەڵێنمان بەخەڵك داوە كە لەكۆڵئەم
مەلەفە نابینەوە، لە داداگا، لە پەرلەمان، لە میدیا و لەئاستی نێودەوڵەتی كە ماوەیەكی تر هەوڵەكانمان دەستپێئەكات.

ئەمەی خوارەوە هەوڵێكی پێشتری دكتۆر غالب ە لەسەر هەمان پرس كە زانیاری و بەڵگەكانی لە وەزارەتی كارەبای عێراق وەرگرتوە.

پرسیار بۆ وەزارەتی كارەبا:
1- چەندە توانای بەرهەمێنانی كارەبا لە كۆمپانیای قەیوان و كار كەدەدرێتە حكومەتی عیراق ؟
2- چی جۆرە سوتەمەنیەك بەكار دەهێنن و لە چی پاڵاوگەیەك؟
3- بەچی تۆڕێك ئەو كارەبا دەگەینێتە عیراق بە تۆڕێ كارەبای هەرێم؟
4- چەند پارە دەدەن بە ئەم دوو كۆمپانیا بەرامبەر بە ١ مێگا وات سەعاتێك؟
5- لە كەیەوە گرێبەست كراوە لە گەڵ ئەم دوو كۆمپانیا؟

وەڵامی وەزارەتی كارەبا:

1- كۆمپانیای كار 200 مێگاوات ،كۆمپانیا قەیوان 125 مێگا وات، دەبێت بەرهەم هێنانەكەیشی زیاد بكرێت.
2- جۆری ئەوگازەی بەكاردەهێنن كۆمپانیای كار دەستی دەكەوێت لە پاڵاوگەی كەڵەك ، كۆمپانیا قەیوان سوتەمەنی لە پاڵاوگەی بازیان دەست دەكەوێت.
3- بە تۆری هەرێمی كوردستان دەگەیەنرێتە ئەو شارانە.
4- بەرامبەر بە بەرهەم هێنانی یەك مێگاوات زیاتر لە 3,20 سەنت دەدەن.
5- ماوەی گرێبەستەكەیان پێنچ ساڵە و لە مانگی حەوتی 2017 دەستی پێكردوە . 

هاوڵاتی هەرێمی كوردستان چۆن زەرەرمەند دەبێت لەم رێككەوتنە ؟

1- ئەو وێزگانە دروست كراون بۆ پارێزگاكانی هەریم كارەبا بەرهەم بێنێت، بەڵام بۆ شوێنی تر بەهەمی دەهێنێت و پارێزگای سلێمانیش لە 24 سەعات 10 سەعات كارەبای نیشتیمانی نیە .
2- هەردووپاڵاوگەی بازیان و كار بۆ ئەوە دروست كراوە كە سوتەمەنی ((بەنزین، گاز، نەوتی سپی )بەرهەم بێنێت بۆ پارێزگاكانی هەرێم بەڵام هاوڵاتی هەرێم سوتەمەنی بە گران دەكڕن و ئەمانیش بەكاری دەهێنن بۆ شوێنی تر. 
3- كاتێك داوای سوتەمەنی لە عیراق دەكەیت دەڵێت ئێمە لای ئێوە دەستمان دەكەوێت و لە پاڵاوگەكانی ئێوە نەوتی خاو دەپاڵێوین كە چی داوا لە ئێمە دەكەن، ئەوان نازانن كە ئەم دوو پاڵاوگە بۆ یەكێتی و پارتی كار دەكات نەك بۆ هاوڵاتیانی هەرێم .
4- كۆمپانیای ئەهلی تۆری كارەبای هەرێم بە كار دەهێنێت و هاولاتیانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر سەرە محولەی هەیە بە شەوان !

ئێمە كە پێشتر لە رێگەی دادگا دەستمان كردوە بە هەنگاونان بۆ فشار خستنە سەر بەرپرسانی هەرێم بۆ رادەستكردنی نەوت، لە پەرلەمانیشەوە پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵانە دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی و تاڵانی نەوت لە كوردستان چونكە ئێە نوێنەری خەڵكین نەك كۆمپانیاكان.

غالب محمد
سەركەوت شەمسەدین

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×