پریماكۆڤ.. دۆست‌و دوژمن‌
  2019-07-07       1149       

ئا: ئاوێنە

 

پریماكۆڤ، پیاوی ئەرکە قورسه‌كانی‌ روسیا له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌‌و ئه‌كادیمیا‌و سیاسه‌تمه‌داری‌ ناوداری‌ روسیا، چوار ساڵ لەمەوبەر له‌ته‌مه‌نی‌ 86 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كرد، ئه‌و رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌لێكنزیككردنه‌وه‌ی‌ مسته‌فا بارزانی‌‌و سه‌دام حسێن‌و گه‌یشتنیان به‌رێككه‌وتننامه‌ی‌ 11ی‌ ئازاری‌ 1970دا بینی‌.

ئا: ئاوێنە

 

یه‌فگینــــی‌ مــه‌كســیمۆڤێتیچ پریماكۆڤ، ژیانی‌ منداڵی‌ له‌پایته‌ختی‌ ئۆكرانیا "كیڤ"وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و مێردمنداڵ‌ ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ دایكی‌ روده‌كاته‌ ته‌بلیسی‌ پایته‌ختی‌ جۆرجیا‌و دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ ئاماده‌ییش ده‌چێته‌ باكۆی‌ پایته‌ختی‌ ئازه‌ربایجان به‌مه‌به‌ستی‌ خوێندن له‌كۆلیژی‌ ده‌ریاوانی‌. گه‌ڕان‌و گه‌شتی‌ به‌رده‌وام خولیای‌ ئه‌وه‌ له‌پریماكۆڤدا ده‌چێنێت زیاتر جیهانی‌ رۆژهه‌ڵات بناسێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كاتێك كه‌ ساڵی‌ 1948 ده‌چێته‌ مۆسكۆ، به‌شی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ خوێندن له‌په‌یمانگای‌ رۆژهه‌ڵاتناسی‌. دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌په‌یمانگای‌ خوێندنی‌ باڵا، بۆ ماوه‌ی‌ 3 ساڵ‌ به‌شی‌ ئابوری‌ ده‌خوێنێت‌و نامه‌ زانستییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر "چالاكی‌ كۆمپانیا بیانیه‌كان له‌نیمچه‌ دورگه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌" ده‌بێت.


پریماكۆڤ دوای‌ به‌سه‌ربردنی‌ ماوه‌یه‌ك كاركردن له‌به‌شی‌ عه‌ره‌بی‌ رادیۆی‌ روسیا، له‌ده‌یه‌ی‌ 1960دا وه‌ك په‌یامنێری‌ رۆژنامه‌ی‌ "پراڤدا" له‌قاهیره‌و دیمه‌شق‌و به‌غدا‌و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاژانسی‌ تاس له‌به‌یروت چالاكی‌ ده‌كات. زانینی‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئاسانكاری‌ ئه‌وه‌ بۆ پریماكۆڤ ده‌كات كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ گه‌وره‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ عه‌ره‌ب بناسێت‌و ته‌نها رۆژنامه‌نوسێك نه‌بێت له‌ناوچه‌یه‌كی‌ پڕ له‌كێشه‌و نێو روداوی‌ گه‌رمی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، به‌ڵكو ده‌بێته‌ پیاوی‌ ئه‌ركه‌ گه‌وره‌و قورسه‌كانیش، كه‌ گرنگترینیان نێوانگری‌ نێوان سه‌ركردایه‌تی‌ كوردو حكومه‌تی‌ عێراق ده‌بێت‌و ئه‌م هه‌وڵانه‌ش سه‌ره‌نجام رێككه‌وتننامه‌ی‌ 11ی‌ ئازاری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.


پریماكۆڤ دوای‌ 15 ساڵ‌ كاركردن وه‌ك رۆژنامه‌نوس بۆ رادیۆو ته‌له‌فزیۆن‌و ئاژانسی‌ حزبی‌ شیوعی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت، له‌كۆتایی‌ ده‌یه‌ی‌ 1970دا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌كادیمیای‌ زانستی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت‌و ساڵی‌ 1989 به‌بونه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان "سۆڤیه‌تی‌ باڵا" ده‌چێته‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت‌و رۆڵێكی‌ گرنگ له‌سیاسه‌تی‌ پرۆستریكاو گلاسنۆستی‌ گورباچۆڤدا ده‌بینێت.


ساڵانی‌ 1990‌و 1991، له‌سه‌روه‌ختی‌ داگیر كردنی‌ كوه‌یت له‌لایه‌ن سوپای‌ رژێمی‌ ئه‌وكاتی‌ عێراقه‌وه‌، گورپاچۆڤ بۆ رێگرتن له‌هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕ‌و هه‌ڵكردنی‌ "گه‌رده‌لولی‌ بیابان"، پریماكۆڤ وه‌ك نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ ده‌نرێت بۆ به‌غدا. سه‌دام حسێن له‌نێو دیبلۆماسه‌ بیانیه‌كاندا زیاتر له‌هه‌ر كه‌سێكی‌ تر پریماكۆڤی‌ ده‌ناسی‌‌و متمانه‌ی‌ پێده‌كرد، كه‌ له‌ساته‌وه‌ختی‌ هاتنه‌سه‌ركاری‌ به‌عسیه‌كانه‌وه‌ له‌عێراق له‌ساڵی‌ 1968دا، ناسیویه‌تی‌‌و په‌یوه‌ندی‌ دۆستانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌بوه‌.


دوای‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ پریماكۆڤ له‌به‌ره‌ی‌ گۆرپاچۆڤ داده‌نرا، به‌ڵام یه‌لتسین یه‌كێك له‌و كه‌سه‌ ده‌گمانانه‌ی‌ كه‌ له‌ستافه‌كه‌یدا هێشتییه‌وه‌‌و ئه‌ركه‌ قورس‌و گرنگه‌كانی‌ پێسپارد له‌و سه‌رده‌می‌ په‌ڕینه‌وه‌یه‌دا له‌یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ته‌وه‌ بۆ فیدراسیۆنی‌ روسیا، پریماكۆڤ بو، كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵ‌ ئه‌ركی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ به‌شی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیستیخباراتی‌ روسیای‌ پێده‌سپێردرێت، ساڵی‌ 1996 ده‌بێته‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیاو ساڵی‌ 1998 ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ ئه‌و وڵاته‌. ئه‌و كه‌ ده‌وڵه‌تمه‌دارێكی‌ كارامه‌و به‌توانا بو، به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندی‌ چڕ‌و پڕییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌، له‌سایه‌ی‌ به‌دمه‌ستی‌ یه‌لتسیندا، ده‌سه‌ڵاتداری‌ راسته‌قینه‌ بو، تا گه‌یشتنی‌ پۆتین به‌ده‌سه‌ڵات. 


"پوتین" به‌سودوه‌رگرتن له‌ئه‌زمون‌و شاره‌زایی‌ پریماكۆڤ له‌گۆڕه‌پانی‌ مه‌سه‌له‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، زۆرجار وه‌ك نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ روسیا ئه‌ركه‌ قورسه‌كانی‌ له‌عێراق‌و رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست پێده‌سپارد‌و هه‌میشه‌ راوێژی‌ ده‌رباره‌ی‌ گۆڕانكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێده‌كرد.


پریماكۆڤ، كه‌ سه‌ری‌ له‌كاری‌ موخابه‌رات‌و داڵانه‌ تاریكه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و روسیادا سپی‌ كردبو، له‌دوا ویستگه‌ی‌ ژیانییدا له‌نێوان ساڵانی‌ 2003 تا 2011 ده‌بێته‌ سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ روسیا.


 پریماكۆڤ وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ پراگماتی‌‌و كارامه‌و لێزان له‌گه‌مه‌ سیاسیه‌كان، به‌رده‌وام به‌پێی‌ جیاوازی‌ كات‌و شوێن كۆمه‌ڵێك لێدوانی‌ دژ به‌یه‌كی‌ راده‌گه‌یاند، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی‌ كورد، كاتێك كه‌ ئه‌و له‌پێگه‌ی‌ بڕیاردانی‌ سیاسیدا بو، به‌رده‌وام خۆی‌ به‌دۆستی‌ سه‌دام ده‌زانی‌و پێیوابو مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌نفال‌و هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ناوخۆیین.


پریماكۆڤ له‌كتێبی‌ "شیته‌ڵكاری‌ كێشه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست"دا كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ ده‌یه‌ی‌ 1970 بڵاویده‌كاته‌وه‌، خراپ داده‌به‌زێته‌ سه‌ر شۆڕشی‌ ئه‌یلول‌و سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌گوێ‌ له‌مستی‌ ئیمپریالیزم‌و ئیسرائیل وه‌سف ده‌كاو به‌وه‌ش تۆمه‌تباری‌ ده‌كات هه‌وڵ‌ بۆ لاوازكردنی‌ توانای‌ سه‌ربازی‌‌و جیابونه‌وه‌ی‌ كوردستان ده‌دات. له‌كتێبی "رۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاست، راگه‌یاندراو و شاراوه‌"دا، ره‌خنه‌ی‌ توند له‌داگیركردنی‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌گرێت‌و ئه‌وه‌شی‌ به‌لاوه‌ كاره‌ساته‌ كه‌ ئه‌و روداوه‌ زه‌مینه‌ بۆ پارچه‌ پارچه‌ بونی‌ عێراق‌و دامه‌زراندنی‌ فیدرالی‌‌و ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردی‌ خۆش كردوه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ سه‌دامدا ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بو. 

 

کاتێک عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە سوریای بەرەو روسیا بەجهێشت، پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی روسیا بو، بەهیچ شێوەیەک رێگەی بەمانەوەو داڵدەدانی ئۆجەلان لەسەر خاکی روسیا نەداو بەناچار ئۆجەلان پەنای بردە بەر وڵاتی ئیتالیاو یۆنان‌و سەرەنجام روبەڕوی چارەنوسێکی تاریک کرایەوە.


به‌ڵام كاتێك كه‌ ساڵی‌ 2008 پریماکۆڤ سه‌رۆكی‌ ژووره‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازییه‌كانی‌ روسیا بو، له‌سه‌ردانێكیدا بۆ كوردستان جلی کوردی‌و جامانەی سوری لەسەر کردو رایگه‌یاند "پێویسته‌ كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×