یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سزا بەسەر تورکیا بسەپێنێت
  2019-07-11       663       

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی یەکێتی ئەوروپا گرت کە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە کەناراوەکانی قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بە کارێکی نایاسایی پێناسە دەکات, لای خۆشیه‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌روپا  ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سزا بەسەر تورکیا بسەپێنێت.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ ١١ی ته‌موزی ٢٠١٩، نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا  کۆدەبنەوە گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر تورکیا دەکەن لە پێناو ئەوەی تورکیا کۆتایی بە هەوڵەکانی بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سرووشتی لە کەناراوەکانی قوبرس بهێنێت، و جگە لەوە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەمە بە مەبەستی زیاتر تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە کۆدەبنەوە و باس لەوە دەکرێت کە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەگەری ئەوە هەیە سزا بەسەر تورکیادا بسەپێندرێت.

مەولود چاوشئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دەربارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سرووشتی لە کەناراوەکانی قوبرس ڕایگەیاند ''ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ دەستکەوتنی نەوت و گازی سرووشتی بەردەوام دەبین. لە دوای کەشتی توێژینەوەی فاتیح کەشتییەکی توێژینەوەی دیکەمان بە ناوی یاڤوز چووەتە ناوچەکە و ئەویش لەو ناوچەیەدا لە هەوڵەکان بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سرووشتی بەردەوام دەبێت. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات. تەنها تورکیا مافی ئەوەی هەیە کە بڕیار بدات لەو ناوچەیەدا دەوێت چی بکات''.

چاوشئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی دادپەروەر مامەڵەی نەکردووە لەو بابەتەدا و ڕایگەیاند ''وڵاتانی ئەندامی لە یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستێکی گرتووەتە بەر کە بە تەواوی پشتیوانی لە ڕۆمەکان دەکات. هەوڵ و چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچەکە بە تەواوی کارێکی یاساییە و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەنگاو نراوە، لەبەر ئەوە پێویستە هەموو لایەنەکان ڕێز لە مافەکانی تورکیا بگرن''.

لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی باس لەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە بڕیار وایە ڕۆژی دووشەمە ئەنجام بدرێت، دەکرێت سزا بەسەر تورکیادا بسەپێندرێت بە هۆی بەردەوامبوونی لە بابەتی گەڕان بە دوای نەوت و گازی سرووشتی لە کەناراوەکانی قوبرس. دۆناڵد تەسک سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لەو بارەیەوە لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ''سەرەڕای هەموو نییەت باشییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان وەک دراوسێیەکی باش، بەڵام تورکیا هەوڵی زیادکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەدات و ئەو هەڵوێستەشی دەبێت بە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی کاردانەوەی یەکێتی ئەوروپا ببێتەوە''.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×