عێراق، لە بازرگانی دوقۆڵی نێوانیاندا، لە بەرژەوەندییەكانی توركیا دەدات
  2019-07-11       1982       
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل

ئاوێنە، ئەلمۆنیتۆر:

ماڵپەڕی ئەلمۆنتیۆر لەراپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی عێراق لەڕێگەی زنجیرەیەك هەنگاوەوە لەمانگی 5ی ئەمساڵەوە، چەند كۆتوبەندێكی بەسەر هاوردەی كاڵای خۆراكیی توركیا سەپاندوە، ئەوەش ئەنكەرەی بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لەگەڵ ئەم وڵاتەو پەرەپێدانی بازرگانی دوقۆڵی نێوانیان بۆ ئاستی 20 ملیار دۆلار، بێهیوا كردوە.

ئاوێنە: ماڵپەڕەكە لە راپۆرتەكەیدا كە ئەو هەنگاوانەی عێراقی بە بێ پێشینەو گورزێك لە هەناردەكارانی توركیا وەسف كردوە، هێمای بۆ بڕیارەكانی عێراق بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكەو خواردنەوەكان لەتوركیاوە كردوە لەژێر پاساوی هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەلمۆنیتۆر باسی لەوە كردوە كە كارسازانی توركیا پێیان وایە هۆكاری سیاسی لەپشت ئەو هەنگاوانەی حكومەتی عێراقەوە هەن لەنێویاندا چەند لایەنێكی نابازرگان كە لەو كێبڕكێیە زیانمەند دەبن و هەروەها گوشاری ئەو كۆمپانیایانەی كە پەیوەندیان بە دەسەڵاتدارانی بەغداوە هەیە لەگەڵ كاریگەری ئێران.

ساڵی رابردو، قەبارەی بازرگانی توركیا لەگەڵ عێراق گەیشتۆتە 13 ملیار دۆلار. عێراق چوارەم گەورەترین كڕیاری كاڵا توركییەكان بوە كە بە بڕی 8.4 ملیار دۆلار كاڵای توركی هاوردەكردوە. نزیكەی 12 هەزار كۆمپانیای توركی كاڵا بە عێراق دەفرۆشن.

هەنگاوی یەكەمی بەغدا لە 1ی ئایاری ئەمساڵدا بە قەدەغەكردنی هاوردەی هێلكە لەتوركیاوە دەستی پێكرد. ساڵی رابردو لەسەدا 71ی هەناردەی هێلكەی توركیا بۆ بازاڕەكانی عێراق بوە كە لەسەدا 76ی بەكارهێنانی هێلكەی لەعێراق پڕ كردۆتەوە.

كۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی كێڵگە پەلەوەرییەكانی عێراق رایگەیاندوە كە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ دەتوانن پێداویستییەكانی هێلكەی عێراق پڕبكەنەوە. بەڵام بەپێی قسەی بەرپرسێكی توركی، ژمارەیەك لەبەرپرسانی عێراق بەم دواییانە پێیانوتون كە وێڕای پڕۆژە نوێیەكانی لەو بوارەدا، بەرهەمی ناوخۆیی هێلكەی عێراق تەنها دەتوانێت لەسەدا 30ی پێداویستییەكان پڕبكاتەوە. نرخی هێلكە لەعێراق لەو كاتەوە هاوردەی هێلكەی توركی راگیراوە، بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە.

لەكاتێكدا كە توركیا هەوڵی دەدا، عێراق بەو بڕیارەیدا بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكرنی هێلكەی توركیدا بچێتەوە، كەچی لە رۆژی 1ی حوزەیرانەوە، بەغدا بڕیارەكەی فراوانتركرد بە شێوەیەك كە خواردنەوە گازی و ناگازییەكان و شەربەت و ئایس كرێم و گۆشتی ماسی و گۆشتی مریشك بگرێتەوەو لە 19ی حوزەیرانیشدا خوێ و ماكەرۆنی و شیعریە بۆ لیستەكە زیادكران.

ئەلمۆنیتۆر نیوسیویەتی، ئەم هەنگاوانە، بوە هۆشدارییەك بۆ پیشەسازی كاڵا خۆراكییەكان لەتوركیاو هەڕەشەی مایەپوچبونیش بون بۆ هەندێك لە بەرهەمهێنەرانی هێلكە لەتوركیا. بەهۆی ئەوەی بازاڕی بەدیلیان نەبو، زۆربەی بەرهەمهێنەرانی هێلكە لەتوركیا ناچاربون مریشكە هێلكەكەرەكان بۆ كوشتارگەكان و سەربڕین بنێرن.

رۆژی 19ی حوزەیران وەزیری بازرگانی توركیا بە یاوەری چەند كارسازێكی توركیا هاتە بەغداو چاوی بە سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق و وەزیری پلاندانان كەوت لەماوەی سەردانەكەدا كە دو رۆژی خایاند.

ئەمین تەها، سەرۆكی ئەنجومەنی بازرگانی توركی-عێراقی كە لەنێو وەفدەەكەدا بوە بە ئەلمۆنتیۆری راگەیاندوە، هەنگاوەكانی عێراق سەبارەت بە هاوردەی كاڵای توركی بەشێك بوە لە بەرنامەی كاری سەردانەكەو هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەغدا رەنگە لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوەو رێگە بە هاوردەی ئەو كاڵا توركیانە بداتە بەڵام بە رێژەی دیاریكراو و بەپێی ئاستی بەرهەم و بەركاهێنانی ناوخۆیی. بەڵام بەپێی سەرچاوەیەكی دیكە كە ئاگاداری گفتوگۆكان بوە، هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی عێراق بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە.

ئەلمۆنتیتۆر نیوسیویەتی كە لەكۆتاییدا رەنگە بەغدا هەندێك نەرمی بنوێنێت بەڵام پێدەچێت چیدی بازارەكانی عێراق وەك جاران زۆر كراوە نەبن بەڕوی هەناردەكارانی توركیادا.

بەپێی قسەی ئەو بازرگانانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتۆر كردوە، فاكتەری ئێرانی، لەوەدا رۆڵی هەیە هەروەك فاكتەرەكانی دیكەی وەك زیادكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە بەشێكی زۆری كەرتەكاندا لەعێراق و گوشارەكانی بەرهەمهێنە ناوخۆییەكان لەسەر حكومەت.

ئەمین تەها هێمای بۆ ئەوە كردوە كە وێڕای ئەوەی رێكارەكان بۆ بەرگریكردن لە بەرهەمهێنەرانی نێوخۆیی لە هەمو وڵاتاندا باوە، بەڵام بڕیارەكەی بەغدا بۆ قەدەغەی هاوردەی ئەو كاڵا توركیانەو بەرزركردنەوەی تەعریفە گومرگییەكان، وادەردەكەوێت بەشێوەیەك داڕێژرابن كە ئاسانكاری بۆ ئێران ئێران بكەن. محەمەد كایا، سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد-یش هەمان بۆچونی هەبوە.

بازرگانانی توركیا نیگەرانن لەبەرزكردنەوەی رسوماتە گومرگییەكان بەشێوەیەكی لەڕادەبەدەر لەسەر ئەو كاڵا توركیانەی كە خاوەن پێگەی دیارن لە هەناردەی توركیادا. تەنها لەمانگی ئایاردا، رسوماتی گومرگی لەسەر 79 بەرهەم بەرزكراوەتەوە. تەعریفەی گومرگی لەسەر گۆشتی سپی، كە پێكهێنەرێكی گرنگە لە هەناردەی توركیادا، كراوەتە دو هێندە، هەروەها تەعریفەی گومرگی لەسەر هەندێك كاڵای تر سێ هێندە و پێنج هێندە زیادكراون.

لەگەڵ ئەوەی ئەو رێسایانەی بەسەر هەمو ئەوانەدا جێبەجێ دەكرێن كە بازرگانی لەگەڵ عێراق دەكەن، بەڵام لەواقیعدا كارەكەی بەشێوەیەكی تر. بازرگانانی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەشێكی زۆری كاڵا ئێرانییەكان بەنهێنی و بەبێ دانی رسوماتی گومرگی دەبرێنە عێراق و بەشێكی زۆریان لەڕێگەی دەروازە ناڕەسمییەكانەوە هاوردەی عێراق دەكرێن و بەوەش بەرهەمە توركییەكان توانانی كێبڕكێیان لەگەڵ بەرهەمە ئێرانییەكان كەم بۆتەوە.

بیرۆكەی بەدیل بۆ توركەكان گواستنەوەی بەرهەمهێنانە بۆ عێراق بەو مەرجەی ژینگەی كار لە عێراق باش بكرێت. ئەمین تەها وتویەتی؛ عێراقییەكان پێیانوتون، ئامادەن بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنان و تەكنیكەكانی بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەمە پێویستی بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی وەبەرهێنانە.

بازرگانانی توركیا هێماشیان بۆ ئەوە كردوە كە لەپاڵ كێشە ئەمنییەكاندا بەگشتی، لە میلیشیاكانی سەربە حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، دەترسن، بۆیە عێراق بە ژینگەیەكی دڵنیا نازانن بۆ وەبەرهێنان.

ئەلمۆنیتۆر نوسیویەتی كە كوردستانی عێراق، وا راهاتوە كە بەدیلێكی یەكلاكەرەوە بێت بۆ توركیا لەو كاتانەی لەگەڵ بەغدا ئاڵۆزیان دەبێت، بەڵام رەوشەكە لە كاتی هەڵوێستی ئەنكەرەوە دژ بە كوردەكان لەپەیوەست بە ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ەوە گۆڕاوە.

بۆ گوشار لەسەر كوردەكان، ئەنكەرە دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كردبو بۆ دروستكردنی دەروازەیەكی دیكەی سنوریی بۆ دەربازبون لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و بەغدای هاندا بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بكات. بەڵام وەك بەشێك لە بەرژەوەندی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان، لە شوباتی ئەمساڵدا گەیشتنە رێككەوتنێك كە بەپێی رێككەوتنەكە رێساكانی حكومەتی عێراق بەسەر دەروازەكەدا جێبەجێ دەكرێن.

لەئەنجامی ئەوەدا، تەنها لەدەروازە سنورییەكان، كاڵاكان گومرگ دەكرێن، كە پێشتر حكومەتی عێراق لەڕێگەی چەند بازگەیەكەوە، گومرگی ئەو كاڵایانەی دەكرد كە لەهەرێمەوە دەچونە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

جێبەجێكردنی رێسا گومرگییەكان لە دەروازە سنورییەكان، رێگە بە كوردەكان نادات، گرێبەستی یەكلایانە لەگەڵ توركیا بكەن، بۆنمونە ناتوانن رسوماتی گومرگی كەم بكەنەوە.

ئەمین تەها هێمای بۆ ئەوە كردوە كە كوردستان هێشتا جێی سەرنجی بازرگانان و خاوەنكارانی توركە و وتویەتی"دەتوانین كارگەكان لە هەولێر، دهۆك و زاخۆ، دامەزرێنین، لەوێوە كاڵاكان بە ناوچەكانی دیكەی عێراق بفرۆشین. لەگەڵ ئەوەش ئێمە پێویستمان بە دۆزینەوەی بازاڕی بەدیلە لەپاڵ عێراقدا."

بەڵام محەمەد كایا، سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد كە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان هەیە، پێی وایە هەوڵەكانی توركیا بۆ نزیكبونەوەی زیاتر لە هەولیر دوای ئەوەی كاریگەری ئێرانی لەسەر بازاڕی عێراق دیوە، رەنگە لەبەر دو هۆكاری سەرەكی بێ سود بێت. یەكەمیان ئەوەیە كە توركیا چیدی لەچاوی هەولێرو بەغداشەوە ئەو دەوڵەتە نییە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و دوەمیش ئەوەی كە چیدی هەولێر ناتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ لەبەغدا رەفتار بكات و هێمای بۆ لێدوانەكانی بەرپرسانی هەولێر كردوە لەوبارەیەوە كە گوزارشت لە پابەندبونیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەكەن.

كایا ئاماژەی بەوەداوە؛ ئەنكەرە تێگەیشتوە كە هەڵوێستە توندەكەی بەرامبەر بە ریفراندۆم، كە خۆی لە هەڕەشەی "برسیكردن"ی كوردانی عێراقدا دەبینییەوە، سیاسەتێكی تاوتوێ نەكراو و خاوەن پەرچەكردارێكی ئابوری بوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئامەد باسمان لەوە كرد كە لەسەدا 65ی هەناردەمان بۆ عێراقە، ئەمەش بەر لە ریفراندۆم دەگەیشتە بڕی 300 ملیۆن دۆلار، بەڵام دوای ریفراندۆمە گەیشتە 100 ملیۆن دۆلار، ئێستاش زیاتر دادەبەزێت بەهۆی رێكارە نوێكانی عێراقەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×