پەرلەمانتارێكی بەسرە: بێدەنگی لە دزینی نەوتی عێراق لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە خیانەتە
  2019-07-11       894       

عودەی عەواد، پەرلەمانتاری بەسرەو كوتلەی سادقون لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند"بێدەنگبون بەرامبەر بە دزینی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە خیانەتە."و داواش لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، یاسا بەسەر هەمواندا جێبەجێ بكات، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەوە پێویست بە بەكارهێنانی هێزیش بكات.

ئاوێنە: عودەی عەواد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند بێدەنگبون لە "دزین"ی نەوتی عێراق لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی حزبەكانیان، بەبێ ئەوەی پارەی ئەو نەوتە بچێتە سەر بودجەی دەوڵەتی عێراق، "هیچ نییە جگە لە خیانەتكردن لەگەلەكەمان."

ئەو پەرلەمانتارەی بە پێویستی زانیوە حكومەت و پەرلەمانی عێراق بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو "پێشێلكارییە گەورەیەی هەرێمی كوردستان و لەسەریانە هەمو رێكارێك بگرنەبەر."

عودەی عەواد هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "حزبە كوردییەكان پێشتر شكستیان بە دروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا بۆ لێكۆڵینەوە لەهەر دو  كۆمپانیای (كار و قەیوان)، چونكە ئەو دو كۆمپانیایە سەربە حزبەكانیانن."

پەرلەمانتارەكەی بەسرە داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە كە "یاسا بەسەر هەمواندا بسەپێنێت بەبێ جیاكاری لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دی، تەنانەت ئەگەر ئەوەش پێویست بە بەكارهێنانی هێز بكات بۆ گەڕاندنەوەی نەوتی تاڵانكراو بۆ بودجەی دەوڵەت."

عودەی عەواد وتوشیەتی"سێ سەرۆكایەتییەكە چی دەكەن ئەگەر بەسرە خۆی مامەڵە بە نەوتی خۆیەوە بكات و رادەستتان نەكات، ئەو كات وەڵامتان چی دەبێت كە ئێمە دەتوانین ئەوە بكەین؟"

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا ئەو پەرلەمانتارە، سەبارەت بە دیاریكردنی كاندیدی پارێزگاری كەركوك، رایگەیاندوە"ئەوەی ئێستا كار بۆ گۆڕینی پارێزگاری كەركوك بە یەكێكی دیكە دەكرێت كە لە هەولێرەوە دیاریكراوە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە كە خاوەنی شەرعیەت نییە دەنگی پێ بدرێت، ئەو ئەنجومەنەی كە بەشێكی زۆری ئەندامەكانی لەلایەن دادگاوە داواكراون بەهۆی ئەو بڕیارانەی پێشتر دەریانكردون و هەروەها بەهۆی پشتیوانیان بۆ سەربەخۆییە شكستخواردوەكە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×