خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا ده‌كه‌ن هاوردەكردنی مریشکی به‌ستو قه‌ده‌غه‌ بكرێت
  2019-07-16       1564       
ژمارەیەک لە خاوەنی کێڵگە پەلەوەرەییەکان لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوە و داوا دەکەن هاوردەکردنی مریشکی به‌ستوو قەدەغە بکرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2019، لەیاداشتێكدا  نوێنەری خۆپیشاندەران  رایگەیاند، هەزار و 500 پرۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ساڵانە 105 ملیۆن مریشک بەرهەم دەهێنن، هەروەها  44 هەڵهێنەر، هەشت سەربڕخانە و 23 کارگەی ئالیک هەن.

ئاماژەیان بەوەشكرد، ساڵانە 200 هەزار تۆن بەرهەمی گۆشتی مریشکمان هەیە، بۆ هەر کەسێک 24 کیلۆ دانراوە و ئەگەر پێنج ملیۆن هاووڵاتی هەژمار بکەین، ساڵانی پێویستیمان بە 120 هەزار تۆن دەبێت و 80 هەزار تۆنیشمان زیاد دەبێت".

جه‌ختیان له‌وه‌ش كرده‌وه‌ لەبەر نەبوونی سیستمی بە بازاڕکردن و هاوردە، ماوەی شەش مانگە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیان دەکەن و داوا لە حکومەت دەکەین رێگا نەدات ئەو پرۆژانە لەبەر هاوردەکردن مایە پووچ بن.

خاوەن پرۆژەكان باسیان لەوەدەكرد، به‌هۆی نه‌بوونی پلانی ستراتیجی له‌هه‌رێمی كوردستان، رۆژبه‌رۆژ خاوه‌ن پرۆژه‌كان له‌زیاندان و داوا له‌په‌رله‌مان ده‌كه‌ین یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ن كە له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بگونجێت.

ئه‌وان ده‌ڵێن ''به‌هۆی نه‌بوونی ستراتیجی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان، چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ زیانی مادییدان و به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات هه‌موو خاوه‌ن په‌له‌وه‌ره‌كان پرۆژه‌كانیان داده‌خه‌ن و شتێك نامێنێت به‌ناوی به‌رهه‌می ناوخۆیی په‌له‌وه‌ر''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×