دادگەی دەستووریی تورکیا لەبارەی بڕینی بودجەی هەدەپە کۆدەبێتەوە
  2022-12-30       1187       

ئا: ئاوێنە
 

دادگەی دەستووریی تورکیا دەڵێت، لە هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا لەبارەی داواکاریی بڕینی بودجەی هەدەپە کۆدەبێتەوە. 
 

 

بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لە ماڵپەڕی دادگەی دەستووریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنی دادوەران رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2023 لەبارەی داواکاریی دادوەر بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە بۆ بڕینی بودجەی هەدەپە لە چوارچێوەی دۆسیەی داخستنی ئەو پارتەدا کۆدەبنەوە. 
 
رۆژی 25ی کانوونی یەکەمی 2022، دادوەر بەکر شاهین لە چوارچێوەی دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا داواکاری بۆ بڕینی بودجەی هەدەپە پێشکێش کرد.
 
بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکان، هەر پارتێکی سیاسیی خاوەن فراکسیۆن بەشێوەیەکی ساڵانە بودجەی لە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی قەبارە و ژمارەی کورسییەکانی دەبێت. 
 
بەگوێرەی بودجەی پەسندکراوی 2023ی تورکیا، هەدەپە لە ساڵی نوێدا بودجەیەکی 539 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی تورکی (28 ملیۆن و 830 هەزار دۆلار)ی دەبێت. هەر بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان، هەدەپە مافی وەرگرتنی هاوکاریی گەنجینەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەیە. 
 
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021، دادوەر بەکر شاهین دۆسیەی داخستنی هەدەپەی پێشکێشی ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگەی باڵای دەستوور کرد. ئەنجوومەنەکە بەهۆی بوونی کەموکوڕی دووجار دۆسیەکەی گەڕاندەوە و دواجار رۆژی 21ی حوزەیرانی 2021 دۆسیەکەی پەسندکرد.
 
رۆژی 26ی حوزەیرانی 2021، ئەنجوومەنەکە لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە ئاگاداری هەدەپەی کردەوە بە بوونی دۆسیەی داخستنی پارتەکە و داوای لە بەرپرسانی کرد لە ماوەی 60 رۆژدا بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بەرگریی لە خۆیان بکەن. ئەنجوومەنەکە 70 دۆسیەی 805 لاپەڕەیی و 11 فلاش دیسکی دیجیتاڵییان دایە هەدەپە بۆ ئەوەی ئاگاداری نێوەڕۆکی دۆسیەی داخستنەکە بن و بەرگری لە خۆیان بکەن. 
 
رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2021، تیمی پارێزەرانی هەدەپە بەشداربوون لە یەکەم دانیشتنی بەرگریکردن لە کەیسی داخستنی پارتەکەیان و راپۆرتێکی نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەران کرد. دادگەی باڵای دەستووریی تورکیاش رۆژی 15ی ئاداری 2022ـی دەستنیشانکرد بۆ ئەنجامدانی دووەمین دانیشتن و گوێگرتن لە راپۆرتی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان و خوێندنەوەی راپۆرتەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، لە پاڵ دۆسیەی داخستنی هەدەپە داوایەکی دیکەشی پێشکێشی ئەنجوومەنی دادوەران کرد بۆ سەپاندنی قەدەخەی سیاسەتکردن بەسەر 451 ئەندام و سیاسەتڤانی هەدەپە، تیمی بەرگریکاری هەدەپەش، داوای مانگێک داخستنی دانیشتنەکەی کرد. 
 
بەپێی رێکارەکان، دوای هەر دانیشتنێکی دادگاییکردنی لایەنی سکاڵاکار و بەرگریکار، دادنووسی دادگەکە تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و راپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە دەکات و پێشکێشی ئەندامانی دادگەی باڵای دەستووری دەکات. سەرۆکی دادگەکە رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری دەکات و لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگەی باڵای دەستووری بۆچوونی خۆیان لەبارەی داخستنەکە دەخەنەڕوو.
 
داخستن یان بڕینی بەشەبودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری 10 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی دادگەی باڵای دەستووری هەیە. دواتر ئەنجوومەنەکە بڕیاری کۆتایی بە هەدەپە رادەگەیێنێت و رۆژی دواتریش کۆنووسی بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاودەکرێتەوە.  
 
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام متمانە لە سێ پەرلەمانتار بە ناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری وەرگیراوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە دەرچوون. ئێستا خاوەن 56 کورسییە.

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×