وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگهیاند، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزەکەی لە ئێران دەکشێنێتەوە، لە دوای لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری، هاوڵاتی بریتانی – ئێرانی، دهشڵێت، لەندەن تاوتوێی رێوشوێنی دیکە دەکات کە دەتوانێت لەدژی تاران بیگرێتەبەر.
ئاوێنە: کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە لێدوانێکیدا لهبارهی وهڵامی وڵاتهكهی بۆ لهسێدارهدانی عەلی رەزا ئەکبەری، هاوڵاتی بریتانی – ئێرانی، لهلایهن ئێرانهوه، رایگهیاند، بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزی بریتانیا لە ئێران دەکشێنێتەوە، بهڵام "گرنگە بزانین مەرج نییە وەڵامدانەوەمان تەنها لەو ڕێوشوێنانەدا سنورداربێت کە رامگەیاند، من بە ڕونی بڕیار دەدەم، بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوکارەکانم لە حکومەت، کە ڕەنگە ڕێوشوێنێکی دیکە بگرینهبهر، بەڵام ئەمڕۆ گریمانەییان لەسەر ناکەم".
بهیانی دوێنێ شهممه تاران سزای لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری جێبهجێكرد، كه به بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا" دهستگیركرابو، ناوبراو پێشتر جێگری وەزیری بەرگری ئێران بوه.
بریتانیا سزای لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری شەرمەزار کرد، ڕایگەیاندبو، کە دۆسیەی عەلی ڕەزا ئەکبەری تهمهن 61 ساڵ کە لە ساڵی 2019 دەستگیرکرابو، مەرامی سیاسیی بوه و داوای ئازادکردنی کردوە.
ڕیشی سهناک، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری بە "کردەوەیەکی دڕندانە و ترسنۆکانە وەسفکرد، کە لەلایەن دەسەڵاتێکی بەربەرییەوە ئەنجامدراوە".
ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند، کە سزای لەسێدارەدانەکە جێبەجێ کراوە، بەبێ ئەوەی ڕۆژی لەسێدارەدانەکەی دیاری بکات.
پێدەچێت ئەم لەسێدارەدانە گرژی زیاتر بخاتە سەر پەیوەندییە گرفتە درێژخایەنەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا، کە لەدوای وەستانی دانوستانەکان بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 و دوای ئەوەی ئێران لە ساڵی ڕابردودا دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندهران کرد، زیاتر تێکچوە.
لە تۆمارێکی دەنگیدا کە گوایە هی ئەکبەرییە، کە ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن بی بی سی فارسییەوە پەخشکرا، ئەکبەری رایگەیاند، کە "دوای ئەشکەنجەدانی زۆر دانی بە تاوانەکاندا ناوە، لهكاتێكدا ئەنجامی نەداوە".
له ڕاپۆرتەکەی میزاندا ئەکبەری تۆمەتبارکراوە بە وەرگرتنی بڕی ملیۆنێك و 805 ههزار یۆرۆ له بهرامبهر سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا.