گەورە قاچاغچییەكی كورد لەفڕۆكەخانەیەكی بەریتانیا دەستگیركرا
  2023-01-22       1914       

 

 

ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، گەورە داواكراوێكی كورد، كەسەرۆكی باندێكی قاچاغچیەتی كردن بوە بەكۆچبەری نایاساییەوە، لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر لەبەریتانیا، دەسگیركراوە.

 

ئاوێنە، كاوە ڕەش - بەریتانیا: ئەو قاچاغچییە کوردە پێشتر لێكوڵینەوەی لەگەڵ كراوە، بەڵام بەر لەوەی ڕۆژی دادگایی بێت، لەحوکمەکەی هەڵاتبوو، بۆیە دوای گەڕانەوەی لەفڕۆكەخانە دەستگیرکرا.

تاریق نامیقی تەمەن ٤٥ساڵ و دانیشتوی شارۆچكەی ئۆڵدهامە لەنزیك مانچەستەری بەریتانیا. ئەو بەتاوانی هێنانی كۆچبەری نایاسای لەعێڕاق و ئێرانەوە بەپشتی لۆری بۆ بەریتانیا  لەدیسەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەغیابی سزای هەشت ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ چوارهاوكاری دیكەی لەباندەكەی.

دادگا پێشتر گوێبیستی كەیسی ئەو تاوانبارە بووە، کەچۆن لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی دەزگای تاوانی نیشتمانی، بەریتانیا. هەروەها ئەو سەرۆکایەتی گروپێکی ڕێكخراوی تاوانکاری  كردوەو کەدەستیان هەبووە، لەگواستنەوەی کۆچبەری نایاسایی لەعێراق و ئێرانەوە بۆ بەریتانیاو لەپشتی لۆریە بارهەڵگرەکاندا شاردویانەوە.

 دوای ئەوەی لە٩ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەنەبووە لەڕۆژی دادگای كردنی، فەرمانی دەستگیرکردنی نامیق دەرچووە.

دواجاریش ڕۆژی هەینی ٢٠ی جەنیوەری ٢٠٢٣ لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر  دەستگیركراوە.

بڕیاربوو ڕۆژی (21ی 1) بۆ ماوەیەکی کورت لەبەردەم دادگای مانچستەر ئامادەبێت، بەڵام وا پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە 23ی 1 بگەڕێنەوە دادگای شاهانەو بەشێوەیەكی فەرمی سزاكەی بەسەردا بسەپێنرێت.

ڕیچارد هاریسۆن، بەرپرس لەئاژانسی تاوانی نیشتیمانی  ئاماژەی بەوەكردووە، كەنامیق، قاچاغچیەكی مەترسیدارو گەورە بووە، کەگروپی تاوانكاری کۆچبەرانی لەبەر دەست بووە، ئەو بۆ دەستكەوتی ماددی سودی لەكۆچبەرە لاوازەکان بینوەو هیچ دەربەستی مەترسییەكانی سەرژیانی كۆچبەران نەبووە، بەڵكو ئامانجی تەنها كۆكردنەوەی قازانجی ماددی بووە. ئەو بەرپرسە دەڵێ، خۆشحاڵم کەئێستا ڕووبەڕووی دادگایی كردن دەبێتەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کەئەنجامی داون. هەروەها دەشڵێت، تاوانبارە هەڵاتووەکان هەرگیز لەژێر چاودێری ئێمە دەرناچن و لەهەر شوێنێك بێ شوێن پێیان هەڵدەگرین. وە دەمەوێ زۆرسوپاسی هاوکارەکانمان بکەم لەپۆلیسی فڕۆكەخانەی مانچستەر، بۆ هاوکاریکردنیان و دڵنیابوون لەوەی کەبەخێرایی ئەو تاوانبارەیان دەستگیركردوە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×