عەرەبستانی سعودیە چەند رێوشوێنێكی نوێ بۆ مانگی رەمەزان دەگرێتەبەرو پەخشكردنی سروتە ئایینییەكان لەو مانگە لەناو مزگەوتەكان قەدەغە دەكات.
ئاوێنە: وەزارەتی كاروباری ئایینی سعودیە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان، بڕیار لەبارەی گرتنەبەری چەند رێكارێكی نوێ دراوە سەبارەت بە مزگەوتەكان و بەڕێوەچوونی چالاكی و بۆنە ئاینییەكان.
بەگوێرەی رێكارە نوێیەكان، لەمانگی رەمەزاندا رێگە بە ئامادەكردنی خوانی بەربانگ لەناو مزگەوتەكان دەدرێت، بەڵام رێگە نادرێت نوێژو سرووتە ئاینییەكانی دیكە بە ڤیدیۆ تۆماربكرێت و لەكەناڵەكانەوە پەخش بكرێت.
وەزارەتەكە سەرجەم پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتەكانی ئاگاداركردووەتەوە كە نابێت بەهیچ شێوەیەك لەوادەی دیاریكراوی نوێژەكان دوابكەون، بەپێچەوانەوە سزای یاسایی دەدرێن، هاوكات پابەندی كردوون كە دەبێ رەچاوی باردۆخی هاووڵاتیان و نوێژخوێنان بكەن و نوێژی تەراویح زۆر درێژنەكەنەوەو كاتی نزاكردنیش كورت بێت.
پێشتر وەزارەتی كاروباری ئایینی سعودیە رایگەیاندبوو كە رۆژی 23-3-2023، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە.