ناوەندێکی ئەمریکی؛ ئێران بە دانوستانی ئەتۆمیی تەنها بەهای تمەن بەرز دەکاتەوە
  2023-03-07       650       

ناوەندێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران تەنها بۆ بەرزکردنەوەی بەهای تمەن بەڵێنی داوە پابەندی بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی بێت.

ئاوێنه‌: ناوەندی بەرگریی لە دیموکراسی (FDD) ئەمریکا رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر سزا و سەرکۆنەکردنی زیاتری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی، بەڵێنی هاوکاریی بەو ئاژانسە داوە بەڵام لە کرداردا ئەو وڵاتە هەنگاوی راستەقینە نانێت بۆ چاودێریی نێودەوڵەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ناوەندەکە رونی کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئێران بۆ پێشوازیی لە رافایل گروسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی، رێگریی بوە لە دابەزینی زیاتری بەهای تمەن چونکە رێککەوتنی ئەتۆمیی زیاترین کاریگەریی لەسەر ئەو دراوە هەیە.

ئاماژە بەوە کراوە ئێران بە هەنگاوی ناڕاست دەیەوێت وا پیشان بدات کە هاوکاریی ئاژانس دەکات بەڵام لە راستیدا ئەو وڵاتە ساڵانێکە فێل لە ئاژانسەکە و جیهان دەکات.

ناوەندی بەرگریی لە دیموکراسی داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردوە کە راستیی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئانشکرا بکات و ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی ناچار بکات دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بکاتەوە بە مەبەستی سزادانی وڵاتەکە.

بڵاوبونەوەی سەرنجەکانی (FDD) دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دوشەممە بەهای یەک دۆلار دوای 13 رۆژ بۆ کەمتر لە 50 هەزار تمەن دابەزی چونکە بە وتەی بەرپرسانی ئێران ئامادەکاریی پێویستیان کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان ئەتۆمییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×