لە هێرشەكەی حەسەكەدا بەڵێندەرێكی ئەمریكا كوژراوەو پێنج سەربازیش بریندار بون
  2023-03-24       866       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن) رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی چەند هێرشێكی ئاسمانی دژی گروپە میلیشیاكانی سەربە ئێران لە سوریا ئەنجامداوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، ئەو گروپانە بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردۆتەوە سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە حەسەكەو لە ئاكامدا بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراوەو پێنج سەربازی دیكەی وڵاتەكەشیان برینداربون.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی هێرشەكەی پێ ئەنجامدراوە بۆ سەر بنكە سەربازییە ئەمریكییەكە لە حەسەكە، ئێرانی بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دوان لە سەربازە بریندارەكان هەر لە شوێنی خۆیان چارەسەریان بۆ كراوەو سێ بریندارەكەی دیكە و تەرمی كوژراوەكە گوازراونەتەوە بۆ پێگە پزیشكییەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەدا وتویەتی، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی دا بە ئەنجامدانی چەند هێرشێكی ئاسمانی ورد لە رۆژهەڵاتی سوریا بۆ سەر پێگەی گروپەكانی سەر بە سوپای پاسداران.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هێرشە ئاسمانییەكان وەڵامدانەوەیەك بون بۆ هێرشەكەی دوێنێ و زنجیرە هێرشەكانی ئەم دواییە كە كراونەتە سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا.

بەپێی قسەی رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری، هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، كۆگایەكی چەكی لە شاری دێرەزۆر و هەروەها چەند پێگەیەكی گروپە میلیشیاكانیان لە مەیادین و بوكەمال لە رۆژهەڵاتی سوریا كردۆتە ئامانج كە تێیاندا لانیكەم هەشت چەكدار كوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×