پێشبینی ده‌كرێت ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا بدۆرێت
  2023-04-05       826       

ئایدن ئەردام بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگه‌ی توێژینەوەی "کوندا"ی تورکی ڕایگەیاند، ئەگەری زۆرە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوی تورکیادا بدۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئۆپۆزسیۆن زوو ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕێت.

ئاوێنه‌: ئەردام کە بەڕێوەبەری گشتیی یەکێک لەکۆمپانیا بەناوبانگەکانی بواری لێکۆڵینەوەیە لەتورکیا بەڕۆژنامەی "دیکەن"ی تورکی وتوە، "لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەڕاپرسیی‌و لێکۆڵینەوە‌و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 15ی ئایاری تورکیا کراون، بەڵام هێشتا هیچ کەس ناتوانێت گەرەنتی بردنەوە یان دۆڕانی ئەردۆغان بکات".

هەروەک دەڵێت، "لەمکاتەدا، ئەگەری زۆر ئەوەیە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان بیدۆڕنێت نەوەک بیباتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زوە ئۆپۆزسیۆن باس لەئەهەنگی سەرکەوتن بکەن، وەک ئەوەی دەڵێن لە15ی ئایاردا بەبۆنەی بردنەوەی هەڵبژاردنەوە ئاهەنگ دەگێڕین".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی کۆندا دەڵێت، "لەکۆتایی ساڵی ڕابردودا ڕێژەی پشتیوانیی لەڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕوی لەدابەزین بوو، بەڵام ئەم دابەزینە بەردەوامنەبوو، بەڵکو لەهەندێک ناوچەی دیاریکراو پارێزگاری لەدەنگەکانی بکات، هەروەک ئۆپۆزسیۆنیش نەیتوانی بەیەکگرتویی خۆی پیشانبدات".

ڕۆژی 14ی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی‌و پەرلەمانیی لەتورکیا دەکرێت، 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا هەریەک لەڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمارو کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانیی میلـلەت‌و موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت‌و سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانیی ئاتا کێبڕکێیانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×