گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان سعودیە و ئێران ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌
  2023-04-10       419       

لە چوارچێوەی رێکارەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی لە ئێران، شانێکی سعودیە لە تارانە و بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و سعودیە دەستپێبکاتەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتودا شاندیكی وڵاته‌كه‌ی دەچێتە سعودیە.

ئاوێنە: ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای رێککەوتنمان لەگەڵ سعودیە، رێوشوێنەكانمان بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەرییەكان دەستپێكردوە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا شاندێكی سعودیە لە ئێرانە بۆ گفتوگۆکردن و گرتنەبەری رێوشوێنەكانی كردنەوەی نوێنەرایەتیی سعودیە، لە چەند رۆژی داهاتوشدا شاندی ئێران دەچێتە ریاز  تا کارەکانی کردنەوەی کونسوڵگەرییەکەی تەواو بکات.

6ی ئه‌م مانگه‌، سعودیە و ئێران بە سەرپەرشتی چین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، کە 7 ساڵ لەمەوبەر پچڕا، هەردو وڵات و چین لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە 10ی ئازاردا رایانگەیاند، رێککەوتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

ناکۆکییەکانی سعودیە و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، چونکە دوای ئەوەی سعودیە کەسێکی ئایینی شیعە مەزهەبی بە ناوی نەمر ئەلنەمر لەسێدارەدا، خۆپیشاندان لە ئێران ئەنجامدرا و نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیەش کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هاوڵاتیانی ناڕازی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×