رهجهب تهیب ئهردۆغان دهڵێت، تا پارتی دادو گهشهپێدان -ئاک پارتی- و خۆی لەدەسەڵات مابن، رێگە بەئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپە- نادهن کە ماوەی نزیکەی 7 ساڵە لەزیندانه.
ئاوێنه: رهجهب تهیب ئهردۆغان، سەرۆک کۆمارو کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆماری لەهەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە پارێزگای قەیسەری دووپاتیکردەوە، تا ئاک پارتی و خۆی لەدەسەڵات مابن، رێگە بەئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری زیندانیکراوی هەدەپە نادەن.
ئەردۆغان ههروهها وتیشی، "تا هاوپەیمانێتی کۆمار، ئاک پارتی و ئەردۆغان لەسەرکار بن، گەلەکەم لە 14ـی ئایاردا رێگە بە کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانەکانی نادات سەربکەون".
دهشڵێت، "ئێوە ناتوانن سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکەن".
سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، بزووتنەوەی گولەنییەکان لە دەرەوەی تورکیا وەک ئەوەی ئەندامی پلەباڵای جەهەپە بن، دەنگ بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت کۆدەکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی بڵاوکردەوەو داوایکرد کارو چالاکییەکانی بانگەشە تەنیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی نەکەن و ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند بگەڕێن.
رۆژی 14ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆک کۆماریی تورکیا بەڕێوەدەچێتو رەجەب تەیب ئەردۆغانو کەمال کڵچدارئۆغڵو رکابەری سەرەکی ههڵبژاردنهكهن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
سهرهتای ئهم مانگهش سەڵاحەدین دەمیرتاش لەتویتێکدا رایگەیاند، لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەکەمال کڵچدارئۆغڵو دەدات.
پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپە- کە بەهۆی بەردەوامیی دۆسیەی داخستنی لەدادگای دەستوریی توركیا، لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز -یەسەپە- بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەکات، هیچ كاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دەستنیشاننەکردووە.