ئایدن مەعروف بۆ لایەنەکان: پرسی پێکهاتەکان تێکەڵ بە کێشەکانتان مەکەن
  2023-05-07       450       

 ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، ئەوان وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت و داواش لە لایەنە سیاسیەکان دەکەن کە پرسی پێکهاتەکان "تێکەڵ بە کێشەکەیانیان نەکەن".

ئاوێنە: ئایدن مەعروف کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانییە ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەداین کە هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت، لەماوەی رابردوشدا پێکهاتەکان ئەوەیان لە کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان دوپاتکردوەتەوە، چونکە هەڵبژاردن گرنگە و رەهەندێکی نیشتیمانی هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەو لایەنانەی کە کێشەیان هەیە کێشەکانیان لە پرسی هەڵبژاردن بە دوربگرن و نەبنە هۆیەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، پێکهاتەکانیش کە بەشدارن لە حکومەتدا هاوکارن بۆ کارەکانی حکومەت و بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و چەند پشتیوانی لە پێکهاتەکان بکرێت ئەوەندەش ئەوان پاڵپشت دەبن بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان.

ئایدن مەعروف باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ ئەوەداین کە پرسی کۆتاکان نەکرێتە کێشە لەنێوان لایەنە سیاسیەکان، داواکارین کە هەڵبژاردن بکرێت لەکاتی خۆیدا و پێکهاتەکانیش بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و کورسییەکانیان دابەشنەکرێت بەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×