وەزیری دارایی: لەسەر ئاستی باڵای سیاسی گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی بودجە
  2023-06-06       468       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لەسەر ئاستی باڵای سیاسی هەرێم و بەغدا گفتوگۆ و پەیوەندییەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجە. دەشڵێت، تاڕادەیەك نەرمی نواندن هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافە دەستوری و یاساییەكانمان ناكەین.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی پێشوازی کرد لە محەمەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کورستان و شاندێکی یاوەری.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبەشێكی كۆبونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ئەو ناکۆکیانەی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە لە نێوان هەرێم و بەغدا هاتونەتە ئاراوە. لەوبارەیەوە وەزیری دارایی ڕونیکردەوە "لەسەر ئاستی باڵای سیاسی هەرێم و بەغدا گفتوگۆو پەیوەندییەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەسەر ئەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان."

ئاوات شێخ جەناب وتیشی، وەک شاندی دانوستانکاری هەرێم پێشبینی ئەو کێشەو گۆڕانکاریانەیان نەکردوە بەهۆی ئەوەی پێش دەرچونی بڕیاری دادگای پاریس ڕێکكەوتنی سیاسی و حکومیان لەسەر بودجەو نەوت کردوەو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەدەقی یاسایی چەسپاندوە.

ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەشکرد "تاڕادەیەک نەرمی نواندن هەیە بەڵام بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافە دەستوری و یاساییەکانمان ناکەین و پابەندین بەو ڕێکكەوتنانەی پێشتر ئەنجاممانداوەو چاوەڕوانین سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆڵی گرنگ و ئیجابی ببینێت لەو ڕوەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×