پێشبینی نەوشیروان مستەفاو سه‌ركرده‌كانی‌ گۆڕان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌
  2019-07-20       3737       

   ئا: هاوكار حسێن


چه‌ند مانگێكی‌ كه‌م به‌رله‌وه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرم له‌یه‌كێتی‌ بێنه‌ده‌ره‌وه‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروستبكه‌ن، سه‌ركرده‌كانیان وردو درشتی‌ ناكۆكیه‌كانی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ باڵه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ به‌باڵی‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌سفیانكردوه‌، بۆ ئه‌مریكیه‌كانیان باسكردوه‌و ته‌نانه‌ت پێشبینی ئاینده‌ی‌ سیاسیی‌ هه‌ریه‌كێك له‌كه‌سایه‌تیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ ناو ئه‌و باڵه‌یان كردوه‌. 

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ سایتی‌ ویكیلیكس، كه‌ ئاوێنه‌ به‌شه‌ گرنگه‌كانی‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، ئه‌مریكیه‌كان له‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنیداو له‌زاری‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئێستای‌ گۆڕانه‌وه‌، ورده‌كاریی‌ پلان‌و چاره‌نوسی‌ كاراكته‌ره‌ سیاسییه‌كانی‌ ناو یه‌كێتیان ئاشكراكردوه‌. نه‌وشیروان مسته‌فا پێڕاگه‌یاندون كه‌ "پێویسته‌ كۆنه‌ پاسه‌وانه‌كان (سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان) ورده‌ ورده‌ رابماڵرێن، نه‌ك به‌یه‌كجار". 
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا "هه‌ریه‌ك له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و به‌رهه‌م ساڵح‌و مه‌لا به‌ختیاری‌ به‌كه‌سه‌كانی‌ سه‌ربه‌ باڵی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌قه‌ڵه‌مداوه‌. به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌ی‌ نه‌وشیروان، ئه‌م باڵه‌ له‌لایه‌ن ته‌نها 200 ئه‌ندامی‌ كاریگه‌ری‌ یه‌كێتیه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت، هه‌مو به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ نه‌رمن‌و به‌ئاسانی‌ ده‌توانرێت به‌لای‌ خۆیدا رایانكێشێت، له‌ده‌ورانی‌ پاش تاڵه‌بانی‌".    
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا هاتوه‌، "فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌رپرسی‌ سه‌نته‌ری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ پێیوایه‌ نه‌وشیروان كه‌سێكه‌ ستراتیژیی‌ بیرده‌كاته‌وه‌‌و رۆڵی‌ گرنگی‌ بینیوه‌ له‌دروستكردنی‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌ناو یه‌كێتیدا رویانداوه‌. له‌باره‌ی‌ كه‌سێتی‌ نه‌وشیروانه‌وه‌، فه‌رید به‌كه‌سێكی‌ مه‌زاجی‌ وه‌سفی‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێكجار له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مه‌زاجی‌ خۆی‌ بڕیاره‌كان ده‌دات".
هاوكات باڵی‌ ریفۆرم له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌رهه‌م ساڵح، مه‌لا به‌ختیار، هێرۆخان، قوباد تاڵه‌بانی‌، پێشبینی‌ خۆیان نیشانداوه‌. یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ ئێستای‌ گۆڕان كه‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌شه‌، باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ "مه‌لا به‌ختیاریه‌كێكه‌ له‌و دو تاكه‌ كه‌سانه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ كه‌ نه‌ك به‌لایانه‌وه‌ قورسه‌، به‌ڵكو مه‌حاڵیشه‌ كار له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ن". به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان خۆیان ناوی‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ دیكه‌یان ئاشكراكردوه‌. 

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:

ئای‌ دی‌: 09BAGHDAD430
بابه‌ت: باڵی‌ ریفۆڕمی‌ یه‌كێتی‌ نیشمانی‌ كوردستان توانای‌ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 18ی‌ شوباتی‌ 2009 
پولێن: زۆر نهێنی‌ 

پوخته‌:
ئه‌و گروپه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێن دڵنیان له‌وه‌ی‌ ئه‌نجێندا چاكسازییه‌كه‌یان سه‌ره‌نجام وایانلێده‌كات سه‌ربكه‌ون به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ ناو یه‌كێتیدا، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و ململانێیه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ بۆ گرتنه‌ده‌ستی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌دوای‌ تاڵه‌بانی‌. 

دوكه‌رتبونی‌ یه‌كێتی‌
بزوتنه‌وه‌ ریفۆرمسته‌كه‌ی‌ ناو یه‌كێتی‌ رای‌ گشتیی‌ بۆ كێشكرد، كاتێك نه‌وشیروان مسته‌فا له‌رۆژنامه‌كه‌ی‌ خۆیدا (رۆژنامه‌)، به‌یانێكی‌ سێ‌ به‌شی‌ له‌ژێر ناوی‌ "ئێمه‌و ئه‌وان" بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌مه‌ش زنجیره‌یه‌ك هێرش‌و دژه‌ هێرشی‌ له‌نێوان هه‌ردولادا به‌دوای‌ خۆیدا هێنا. ته‌نانه‌ت مه‌لا به‌ختیار ته‌حه‌دای‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ كرد بۆئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن دیبه‌یتێكی‌ له‌گه‌ڵ بكات. 

ریفۆرمسته‌كان كێن؟
تێكڕای‌ سه‌رچاوه‌كان له‌سلێمانی‌ هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركرده‌یه‌كی‌ بێ ركابه‌ری‌ ناو ریفۆرمسته‌كانی‌ یه‌كێتیه‌. له‌ته‌مه‌نی‌ 31 ساڵیدا به‌شداربوه‌ له‌دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیدا‌و بوه‌ته‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ بوه‌. له‌راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ 1991دا وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ رۆڵی‌ بینیوه‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2006 به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌ ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌، رۆژنامه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ دامه‌زراندو تێیدا ده‌نگی‌ بزوتنه‌وه‌ ریفۆرمسته‌كه‌ی‌ ده‌گه‌یاند. چه‌ندین كتێبیشی‌ له‌سه‌ر مێژوی‌ كورد نوسیوه‌. 
دوان له‌لایه‌نگره‌ به‌هێزه‌كانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، دو وێنه‌ی‌ جیا‌و دژبه‌یه‌كی‌ ئه‌و پیاوه‌ ده‌كێشن. دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ستایشی‌ نه‌وشیروان ده‌كات‌و به‌سه‌ركرده‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌و به‌هێزی‌ وه‌سفده‌كات كه‌ خۆی‌ خۆی‌ پێگه‌یاندوه‌. هاوكات فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌رپرسی‌ سه‌نته‌ری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ پێیوایه‌ نه‌وشیروان كه‌سێكه‌ ستراتیژیی‌ بیرده‌كاته‌وه‌‌و رۆڵی‌ گرنگی‌ بینیوه‌ له‌دروستكردنی‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌ناو یه‌كێتیدا رویانداوه‌. له‌باره‌ی‌ كه‌سێتی‌ نه‌وشیروانه‌وه‌، فه‌رید به‌كه‌سێكی‌ مه‌زاجی‌ وه‌سفی ده‌كات كه‌ هه‌ندێكجار له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مه‌زاجی‌ كه‌سی‌ خۆی‌ بڕیاره‌كان ده‌دات.

كێ‌ پشتیوانی‌ له‌ریفۆرمسته‌كان ده‌كات؟
سه‌ركرده‌كانی‌ باڵی‌ ریفۆڕم بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزی‌ ئه‌وان له‌ناو یه‌كێتیدا قوڵ‌و فراوانه‌‌و به‌گشتیی‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناسراون، جه‌ماوه‌رێك كه‌ ناڕازین له‌كاورباره‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌. مسته‌فای‌ سه‌ید قادر باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ خۆیان وه‌ك نه‌یاری‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌قه‌ڵه‌مداوه‌، به‌ڵام له‌راستیدا له‌ژێره‌وه‌ كار له‌گه‌ڵ ریفۆرمسته‌كان ده‌كه‌ن. 
وێڕای‌ دابه‌شكردنی‌ یه‌كێتی‌ به‌سه‌ر "ئێمه‌و ئه‌وان"دا، نه‌وشیروان مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ پلانی‌ نیه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌پڕێك بدات به‌سه‌ر یه‌كێتیدا. له‌راستیدا، ئه‌و به‌توندی‌ دژی‌ بیرۆكه‌ی‌ كوده‌تایه‌. نه‌وشیروان مسته‌فا پێی‌ راگه‌یاندین كه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی‌ پله‌به‌پله‌‌و سه‌قامگیرییه‌، نه‌ك نائارامی‌. ئه‌و وتی‌، پێویسته‌ كۆنه‌ پاسه‌وانه‌كان (سه‌ركرده‌ كۆنه‌كان) ورده‌ ورده‌ رابماڵرێن، نه‌ك به‌یه‌كجار. باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌زمونی‌ كۆنه‌كان ده‌ڕوخێنێت‌و له‌گه‌ڵ توانای‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ تێكه‌ڵی‌ ده‌كات.   

ریفۆرمسته‌كان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نه‌یاره‌كانیان ده‌كه‌ن:
نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و به‌رهه‌م ساڵح‌و مه‌لا به‌ختیاری‌ به‌كه‌سه‌كانی‌ سه‌ربه‌ باڵی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌قه‌ڵه‌مداوه‌. به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌ی‌ نه‌وشیروان، ئه‌م باڵه‌ له‌لایه‌ن ته‌نها 200 ئه‌ندامی‌ كاریگه‌ری‌ یه‌كێتیه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت، هه‌مو به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ پشتیوانی نه‌رمه‌و به‌ئاسانی‌ ده‌توانرێت به‌لای‌ خۆیدا رایانكێشێت، له‌ده‌ورانی‌ پاش تاڵه‌بانی‌ . 

 

كۆسره‌ت ره‌سوڵ

به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، وه‌ك جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئۆتۆماتیكی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ حزبه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت پاش ئه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ جێگه‌كه‌ی‌ چۆڵده‌كات. به‌ڵام بۆچونێكی‌ هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ناو سه‌رچاوه‌كانمان كه‌ پێیانوایه‌ لاوازیی‌ ته‌ندروستی‌ كۆسره‌ت رێگه‌كه‌ی‌ له‌به‌رده‌مدا ده‌كاته‌ مه‌حاڵ بۆئه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ تاڵه‌بانی‌ بگرێته‌وه‌، وێڕای‌ مه‌یلی‌ زۆری‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌. هه‌روه‌ها ریفۆرمسته‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ كۆسره‌ت كه‌سێكی‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر نیه‌ له‌سلێمانی‌، به‌ڵكو له‌هه‌ولێر زۆرترین پشتیوانی‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ناو پێشمه‌رگه‌ش پشتیوانی‌ هه‌یه‌.  
هه‌ریه‌ك له‌دانا مه‌جید‌و فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد بڕوایان وایه‌ كه‌ كۆسره‌ت له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا كارده‌كات. ئه‌سه‌سه‌رد پێیوایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوبه‌ش پاڵ به‌نه‌وشیروان‌و كۆسره‌ته‌وه‌ ده‌نێت بۆئه‌وه‌ی‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن‌و ده‌شێت هه‌ردوكیان بتوانن رێككه‌وتنێك بكه‌ن بۆ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆیاندا. هاوكات مسته‌فای‌ سه‌ید قادر كه‌ شانبه‌شانی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشمه‌رگایه‌تی‌ كردوه‌، هێشتا وه‌ك هاوڕێیه‌كی‌ نزیكی‌ خۆی‌ لێی ده‌ڕوانێت. 

 

به‌رهه‌م ساڵح

له‌كاتێكدا وه‌ك ته‌كنتۆكراتێكی‌ به‌توانا‌و كه‌سێكی‌ ئیداریی‌ باش ته‌ماشاده‌كرێت، به‌تایبه‌ت كاتێك وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ كاریده‌كرد، كه‌سێكی‌ كاریگه‌رو خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر بو. بۆچونی‌ ریفۆرمسته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌رهه‌م هیچ بنكه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ نه‌ماوه‌. دانا پێیوایه‌ پشتیوانی‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌سلێمانی‌، به‌گشتیی‌ لاوازبوه‌ له‌وكاته‌وه‌ی‌ چوه‌ته‌ به‌غدا‌و بوه‌ته‌ جێگری‌ سه‌رك وه‌زیران، چونكه‌ به‌ڵێنیدا زۆر شت بكات بۆ خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌، به‌ڵام نه‌یكرد. 
ریفۆرمسته‌كان بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌رهه‌م دانبه‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ كاتی‌ زۆری‌ پێویسته‌ له‌سلێمانی‌ تا رایه‌ڵه‌كانی‌ داده‌ڕێژێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ چاره‌نوسی‌ سیاسیی‌ خۆی‌ ده‌سته‌به‌ربكات. پێشیانوایه‌، تاكه‌ پشتیوانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ به‌رهه‌م له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌یه‌. نه‌وشیروان، به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك به‌شێك له‌م گه‌نده‌ڵیه‌ی‌ ئێستا ده‌زانێت.

 

قوباد تاڵه‌بانی‌ 

له‌گفتوگۆكانمان له‌باره‌ی‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌، دو كه‌سی‌ تریش هاتنه‌ناو ناوانه‌وه‌ ئه‌وانیش هێرۆ ئیبراهیم، هاوسه‌ری‌ تاڵه‌بانی‌‌و كوڕه‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ قوباد. سه‌رچاوه‌كانمان پێیانوایه‌ كه‌ هێرۆ له‌سایه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌یدا، خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات‌و سه‌رمایه‌ی زۆری‌ خۆیه‌تی‌‌و له‌كاتی‌ غیابی‌ تاڵه‌بانیدا رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌گێڕێت. 
له‌كاتێكدا نه‌وشیروان پێوایه‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ "كه‌سێكی‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌"، به‌ڵام مسته‌فای‌ سه‌ید قادر ده‌ڵێت، ده‌توانێت رۆڵی‌ هه‌بێت ئه‌گه‌ر خۆی‌ بیه‌وێت. یه‌كێك له‌نزیكه‌كانی‌ قوباد به‌ناوی‌ هیوا جاف باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ قوباد په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا، به‌تایبه‌تی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ كه‌ ساڵی‌ رابردو بانگهێشتی‌ كرد كاتێك به‌سه‌ردانێك چو بۆلای‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌كان، عه‌لی‌ سیستانی‌. له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا له‌رۆژی‌ 1ی‌ تشرینی‌ دوه‌م، قوباد باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌وڵی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ نادات یاخود پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران. 

 

مه‌لا به‌ختیار

ئه‌گه‌رچی‌ سه‌رچاوه‌كانمان هیچ چانسێك ناده‌نه‌ مه‌لا به‌ختیار له‌جێگرتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانیدا، به‌ڵام ره‌چاوی‌ پێگه‌ی‌ به‌هێزی‌ ئه‌و ده‌كه‌ن له‌ناو یه‌كێتیدا. به‌ده‌ر له‌وه‌ی‌ كچه‌كه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ باڤێڵ-ی‌ كوڕی‌ تاڵه‌بانیدا كردوه‌، كاریگه‌ریی‌ خۆی‌ له‌و پێگه‌ی‌ به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتوه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ بۆ دروستكردوه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌خه‌ڵكیدا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌سه‌ دیاره‌كان. به‌ڵام په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فاش لاوازه‌. مسته‌فای‌ سه‌ید قادر وا باسی‌ مه‌لا به‌ختیاری‌ كرد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و دو تاكه‌ كه‌سانه‌ی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ كه‌ نه‌ك به‌لایانه‌وه‌ قورسه‌، به‌ڵكو مه‌حاڵیشه‌ كار له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ن. (ئه‌وه‌ی‌ دیكه‌یان ئه‌رسه‌لان بایزه‌). 

 

کۆمێنێت

ئه‌مه‌ جاری‌ یه‌كه‌م نیه‌، یه‌كێتی‌ له‌ناو خۆیدا روبه‌روی‌ ته‌حه‌دییه‌كانی‌ ریفۆرم ببێته‌وه‌. وه‌ك خودی‌ تاڵه‌بانیش دانی‌ پێداده‌نێت كه‌ له‌رۆژی‌ 3ی‌ تشرینی‌ دوه‌مدا، پلانی‌ چاكسازیی‌ راگه‌یاندوه‌، كه‌ پێكهاتوه‌ له‌شه‌ش لیژنه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌، هه‌روه‌ها نامه‌یه‌ك كه‌ 5 خاڵی‌ له‌خۆی‌ گرتبو سه‌باره‌ت به‌پێدانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كسان به‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و به‌رهه‌م ساڵح بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی‌ كاروباره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌بری‌ تاڵه‌بانی‌. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی‌ به‌تێڕوانینی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ دابو له‌باره‌ی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ حزب له‌داموده‌زگاكانی‌ میری‌. تاڵه‌بانی‌ هه‌ڵی‌ زۆریشی‌ دا‌و هه‌مو مانگێك كۆبونه‌وه‌ی‌ باڵا ده‌كرا بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ كاروباره‌كانی‌ یه‌كێتی‌، له‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌به‌غدا بۆ سلێمانی‌ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2008. 

 

 

زۆرترین بینراو
سۆران عومه‌ر: بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئامانج بابانى بكوژى هاوسه‌رو منداڵه‌كه‌ى‌و خۆیه‌تى
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سوكایه‌تیان به‌ سه‌ركرده‌كانی رۆژئاوای كوردستان كردوه‌
کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزور داخرا
یەكێك لەو دوو كەسە تیرۆركراوەی چیای ئەزمەڕ بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كەجەكەیە
داوا ده‌کرێت 40 هەزار سەربازی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکرێت
ورده‌كاریی رێككه‌وتنی روسیاو توركیا له‌سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان
پۆلیس: شاعیرو نوسه‌ر محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان كۆتایی به‌ژیانی‌ خۆیهێنا
دەستەی مافی مرۆڤ: كوژرانی‌ دو ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت‌و گومان لەسەر كوژرانیان ھەیە
تەرمی دەمهات عەگیدو جەمیل ئامەد لەسلێمانیەوە بەرەو قەندیل بەڕێدەکرێن
لە گرێسپی شەڕێکی سەخت له‌نێوان شه‌ڕڤانان و سوپای توركیا ڕوویدا
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×