ئێران هۆشداری دەدات: چاودێری جوڵەی سەرجەم فڕۆکەکانی دەرەوەی سنورەکان دەکەین
  2023-07-13       484       

جێگری فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای ئێران رایگەیاند، هەمو جوڵەی فڕۆکەکان لە دەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکەی بە درێژایی کاتژمێر لەلایەن هێزەکانی ئاسمانی ئێرانەوە چاودێری دەکرێن، دەشڵێت، "پێشکەوتن و پەرەپێدانی بەرگری ئاسمانی سوپا وایکردوە وڵاتەکە لەنێو وڵاتانی پێشکەوتوی جیهاندا بێت".

ئاوێنە: فەریق عەلی ڕەزا إلهامی، جێگری فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "بەکارهێنانی ئامێر و پیشەسازییە ناوخۆییەکان لە یەکەکانی ئۆپەراسیۆن و سیستەمی بەرگری ئاسمانی شەڕدا، دوژمن بەرەو هەڵە دەبات لە بەکارهێنانی بنەمای سەرسوڕمان و ئەنجامدانی حیسابات، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپا پاراستنی توانا و سود و تایبەتمەندی و سودە تەکنیکییە ئاسمانییە ناوازەکانە کە لە ڕوی بەرگریی هەمەلایەنەوە بەرهەمدارن".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرگری ئاسمانی بە وردی زیاتر لە سێ هەزار و 600 خاڵی بەرگری لە وڵات دەگرێتەوە و "هەمو جوڵەی فڕۆکەکان لە دەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکەمان بە درێژایی کاتژمێر لەلایەن هێزەکانی ئاسمانی ئێرانەوە چاودێری دەکرێن"

ئەو بەرپرسە ئێرانییە دەشڵێت، "ستراتیژی بەرگری ئاسمانی سوپا بریتییە لە دروستکردنی ئاسایشی سەقامگیر و دۆستانە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی سنورە ئاسمانییەکان لە پێشینەی کارەکانە".

جێگری فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای ئێران هۆشداریدا لەوەی "یەکەمین هێرشی دوژمن لە لایەن بەرگری ئاسمانییەوە دەبێت"، جەختیشی لەوە کردەوە، کە "پێشکەوتن و پەرەپێدانی بەرگری ئاسمانی سوپا وایکردوە وڵاتەکە لەنێو وڵاتانی پێشکەوتوی جیهاندا بێت، لە ڕوی پێشخستنی زانستی بەرگری لە بواری دیزاین و بەرهەمهێنانی سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادار و موشەک".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×