هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر بانگهێشتی هاوتاکەی حوسێن ئەمیر عەبدوللههیان سەردانی ئێرانی كردوه، لەو سەردانەدا كۆبونهوهی "ئاست بەرز" ئەنجامدەدات و سەبارەت بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ گفتوگۆ دهكهن، تورکیا بەدوای هەماهەنگی سێ قۆڵی لەگەڵ عێراق و ئێران دەگەڕێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکاتە ئامانج.
ئاوێنە: بهگوێرهی راگهیهندراوێكی وهزارهتی دهرهوهی توركیا، وهزیرانی دهرهوهی توركیا و ئێران لەبارەی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەیی و نێودەوڵەتی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن، پاشان فیدان لهگهڵ بهرپرسانی باڵای ئێران كۆدهبێتهوه.
سەردانەکەی فیدان بۆ تاران دوای ئەوە دێت کە لە 22 تا 24ی (ئاب/8)ی ئهمساڵ سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و گفتوگۆکانیشی تایبەت بو بە ئاو، وزە، هاوکاری لە بەرەنگاربونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە)، کە بەهەمان شێوە لەگەڵ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێراندا یەکدەگرنەوە.
لە ماوەی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە مانگی (ئایار/5)ی رابردودا، دیپلۆماسیەتی تورکیا گرنگی بە بەهێزکردن و چالاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژینگەی هەرێمی تورکیا دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا هەنگاوی گرنگی ناوە له ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر، هاوكات فایلی سوریا یەکێکە لە فایلە گرنگەکانی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران.
سەردانەکەی فیدان بۆ تاران رۆژێک پێش ئەو کۆبونەوەیە دێت کە بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا لە شاری سۆچی کە دەڕوانێتە دەریای ڕەش لە باشوری روسیا ئهنجامی بدات، کە گفتوگۆکان جگە لە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، لەسەر پێشهاتەکانی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا و رێگاکانی دەستپێکردنەوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێپەڕاندنی سەلامەت بۆ دانەوێڵە لە دەریای رەشدا لهخۆدهگرێت، ئەوە جگە لە کۆمەڵێک پرس و فایلی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، لەوانەش پێشهاتەکانی لیبیا و مەلەفی سوریا.
روسیا سەرکردایەتی دەستپێشخەرییەکی ئاساییکردنەوەی پهیوهندی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەکات، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
هاکان فیدان هەینی رابردو (1ی ئهیلولی 2023) کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا بۆ مۆسکۆ کە ئامانج لێی ئامادەکاری بو بۆ کۆبونەوەی نێوان ئەردۆگان و پوتن لە سۆچی، هاوکات عەبدوللههیان پێنجشەممەی رابردو (31ی ئابی 2023) سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا کۆبوەوە، لە میانی دیدارەکەدا ئەسەد دوپاتی خۆی نوێکردەوە، کە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکوری سوریا "مەرجێکی پێویستە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە ئاساییەکان" لەگەڵ ئەنقەرە.
لە بەرامبەردا وەزیری دهرهوهی ئێران جەختی لەوە کردەوە، کە دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانەی سوریا و تورکیا لە بەرژەوەندی دو وڵات و ناوچەکەیە.
عەبدوللههیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی، فەیسەڵ ئەلمیقداد، رایگەیاند، لە میانی کۆتا کۆبونەوەی لیژنەی کوارتێت (کۆبونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ڕوسیا، سوریا و ئێران لە میانەی خولی بیستەمی پڕۆسەی ئاستانە)، لە 20 و 21ی حوزەیران، سەبارەت بە ڕێبازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، "بیرۆکەی باش خراوەتەڕو بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری نێوان سوریا و تورکیا، هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە سەروەری سوریا".
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی "بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ لابردنی لێکتێگەیشتنی هەڵەی نێوان سوریا و تورکیا".
تا ئێستا هیچ پێشکەوتن و دەرئەنجامێک لەو دانوستانانەدا بۆ ئاساییكردنهوهی پهیوهندیهكانی توركیا و سوریا بەدەستنەهاتوە، بەهۆی مهرجی دیمەشق بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکوری سوریا، ئەوەش لەلایەن تورکیاوە ڕەتدەکرێتەوە، کە جەخت لەوەدەکاتەوە کە بونی هێزەکانی "بابەتی ئاسایشی نیشتمانییە".
تورکیا بەدوای هەماهەنگی سێ قۆڵی لەگەڵ عێراق و ئێران دەگەڕێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکاتە ئامانج، لەماوەی رابردودا تورکیا هێرشی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سنور بەزاندنی لە ناوچەی سلێمانی نزیک لە سنوری ئێران دەستپێکردوه، دوای ئەوەی پێشتر لە مانگی (نیسان/4)ی رابردودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کردبوە ئامانج لە هێرشێکی بێ وێنەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، کە کاروانێکی کردە ئامانج کە لەگەڵ کارمەندانی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە بون.