بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیی عێراق: لە ساڵی نوێوە مامەڵەی دراو بە دۆلار ڕادەگرێت
  2023-10-05       408       


بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکردووە، لە ساڵی نوێوە وڵاتەکەی ڕاکێشان و مامەڵەی دراو بە دۆلار ڕادەگرێت.

مازن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، لەسەرەتای ساڵی نوێوە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیار دەدات کە ڕاکێشانی پارە بە دۆلار ڕابگیرێت.

بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی بانکی ناوەندیی عێراق، بەشێک لە هۆکاری ئەو بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگرتن لە کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی قورسی عێراق، هاوکات ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی دۆلار لە عێراقەوە.

مازن ئەحمەد ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو کەسانەی لە ساڵی 2023 پارەکانیان بە دۆلار لە بانک داناوە، دەتوانن لە 2024 بە دۆلار ڕایبکێشنەوە، بەڵام ئەو کەسانەی لە 2024 پارەکانیان بە دۆلار دادەنێن، ناتوانن جگە لە ڕاکێشانەوەی پارەکە بە بەهای فەرمی کە هەزار و 320 دینارە ڕابکێشنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×