سودانی: لیژنە ئەمنییە دوقۆڵییەكان لەگەڵ توركیا بۆ چارەسەری كێشە ئەمنییەكانی سنور كارابكرێن
  2023-10-05       318       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراقی راسپارد لەگەڵ هاوتا توركییەكەی لە پەیوەندیدا بێت بۆ كاراكردنی لیژنە ئەمنییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی سنور.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی كردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنی وڵات، روبەڕوبونەوەی پاشماوەكانی داعش، نەهێشتنی تاوانی رێكخراو و شوێنپێهەڵگرتنی بازرگانانی ماددە بێهۆشكەرەكان كراوە.

راگەیەندراوەكە، ئاماژەی بەوەشداوە كە لە كۆبونەوەكەدا باس لە دامەزراندنی سیستمێكی ئەلیكترۆنی تۆكمە كراوە بۆ دادپەروەریی تاوان كە بە داتابەیسێك لەخۆگری ئەرشیفی دادوەریی بێت پاڵپشتی بكرێت بەگوێرەی پێودانگە نێودەوڵەتییەكان و لەڕێگەیەوە چاودێری جوڵەی تۆمەتباران بكرێت ئەوەش لەپێناو پشتیوانیكردنی لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانەو خێرا بەشێوەیەك كە رێكارەكان كەمبكاتەوەو هاوكار بێت لە كەمكردنەوەی تێچون و كات.

هەروەها بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باس لە رێككەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی نێوانیان كراوە كە هەردولا دەستیان كردوە بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە بۆ داماڵینی چەك لە گروپە چەكدارەكان بەدرێژایی سنورەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنیی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێدا، سەرۆك وەزیران، وەزیری دەرەوەی راسپارد كە لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ هاوتا توركییەكەی لەبارەی كاراكردنی لیژنە ئەمنییە دوقۆڵییەكان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی سنور.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كراون و رێكاری پێویستیان لەبارەوە گیراوەتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×