بەرپرسێكی حكومەت بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەكرێت
  2023-10-06       557       

لەپارێزگای بەسڕەی باشووری عیراق، بەرپرسێكی حكومەت بەتۆمەتی گەندەڵی و دزینی 550 ملیۆن دینار، دەستگیر دەكرێت.

دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو زانیارییانەی بەدەستیان گەیشتووە لەبارەی بوونی گەندەڵی دارایی لە كۆمپانیای گشتی كارەبای پارێزگای بەسڕە، تیمەكانیان توانییان یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی كۆگاكانی كۆمپانیای گشتی كارەبای بەسڕە بەتۆمەتی دیارنەمانی بڕی 550 ملیۆن دینار، دەستگیر بكەن.

لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە، ئەو بەرپرسەی كارەبای بەسڕە، لەڕێگەی ساختەكردنی پسوڵەی كڕینی كەلوپەل، بڕی 550 ملیۆن دیناری دزیوە، لەكاتی پشكنینی ماڵەكەی، تۆمەتبارەكە هەوڵی راكردنی دابوون بەڵام لەلایەن تیمەكانی دەستەی دەستپاكیی پارێزگای بەسڕە، توانرا دەستگیر بكرێت و ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكرایكردووە، تیمەكانیان لەناو ماڵی تۆمەتبارەكە، دەستیان بەسەر دوو قاسەدا گرت كە بڕی 550 ملیۆن دیناری تێدا بووە، جگە لە سێ ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، كە دەستیان بەسەردا گیرا.

بڕیارە دوای تەواوبوونی لێكۆڵیەوەكان، تۆمەتبارەكە رادەستی دادگا بكرێت بەمەبەستی دادگایی كردنی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×