فوئاد حسێن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسكۆ كۆبووەوە
  2023-10-11       347       

لە پەراوێزی سەردانەكەی سوودانی بۆ ڕووسیا، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ڕووسییەكەی لە مۆسكۆ كۆبووەوە، هەردوولا تاوتوێی پرسە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و مۆسكۆ و  پەرەسەندی شەڕەكانی غەزە و چەند دۆسییەیەكی تریان كرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەی فوئاد حسێن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسكۆ، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ڕووسییەكەی و بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە مۆسكۆ كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە، هەروەها باس لە چارەسەركردنی پرسی قەرزەكانی كۆمپانیا ڕووسییەكان لە عێراق كراوە.

ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، هەردوولا باسیان لە پرسەكانی ناوچەكە كردووە، بە تایبەتی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی كەرتی غەزە و كاردانەوەكانی، هەروەها باسیان لە گرنگی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پرسی فەڵەستین كردووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەردوولا لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سووریا و كاریگەری و كاردانەوەكانیان لەسەر عێراق و هاوكارییەكان بۆ پاراستنی سنووری عێراق و سووریا كردووە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە ڕووسیا و لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و چەند پرسێكی هاوبەشیان تایبەت بە كەرتی وزە و ئابووری و ئەمنی تاوتوێ كرد، هەروەها لە پەراوێزی ئەو كۆبوونەوانەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ڕووسییەكەی كۆبووەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×