ئه‌ردۆغان هەڕەشە له‌دوو به‌رپرسى باڵاى عێراق ده‌كات
  2023-10-11       940       


بەگوێرەی پێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی "INN" کە پشتی بەلێدوانی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بەستوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەماوەی ڕابردودا هەڕەشەی لەهەریەک لەمحەمەد حەلبوسی سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق‌و خەمیس خەنجەری سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سوننەکان کردوە.

ئەو سەرچاوەیە کە ناوەکەی ئاشکرانەکردوە، وتویه‌تى، "لەمیانی سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوی ئەو دوو سەرکردە سیاسییە سوننیە عێراقییە بۆ تورکیا، لەلایەن ئەردۆغانەوە هۆشدارییان پێدراوە بەوەی کۆتایی بەکێشەکانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بهێنن".

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەردۆغان زۆر لەکێشەکانی نێوان حەلبوسی‌و خەنجەر نیگەران بوەو هەڕەشەی ئەوه‌ى لێکردون کە دوایین دەرفەتیان پێدەدات بەوەی دۆخی سیاسییان لەعێراق ڕێکبخەنەوە، ئەگەرنا شوێنەکانیان بەکەسانی گونجاوتر پڕدەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، پڕۆژەی ئیماراتی هەڵوێستی جیاوازی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بەمەلەفی عێراق هەیە، بەڵام ئەو هەڵوێستە لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاوە زۆر بەتوندی ڕەتکراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×