ئیسرائیل داوا لە زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی دەكات لە 24 سەعاتدا غەززە جێبهێڵن
  2023-10-13       367       
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەدوای هۆشدارییەكەی ئیسرائیل، بەشێك لە هاوڵاتیان شاری غەززە جێدەهێڵن. فۆتۆ: Getty Images

سوپای ئیسرائیل داوا لە زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی دەكات لەماوەی 24 سەعاتدا شاری غەززە بەجێبهێڵن و رو لە باشوری كەرتی غەززە بكەن چونكە سوپاكەیان لە چەند رۆژی داهاتودا دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی فراوان دەكات لە غەززە.

ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل لە پەیامێكی هۆشداریدا بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی شاری غەززە داواشی لێكردون دوای جێهێشتنی شارەكە نەگەڕێنەوە تاوەكو ئاگاداردەكرێنەوە بۆ گەڕانەوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی فراوان لە غەززە دەكەن و هۆشدارییەكەیان بۆ "پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنییە."

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان داوا دەكات ئیسرائیل بەو بڕیارەیدا بچێتەوە چونكە چۆڵكردنی باكوری كەرتی غەززە دەبێتە مایەی "دۆخێكی كارەساتبار" و "سەرئەنجامی وێرانكەریی مرۆیی" لێدەكەوێتەوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەداوە كە ئیسرائیل ماوەی 24 سەعاتی داناوە بۆ سەرجەم دانیشتوانی بەشی باكوری كەرتی غەززە كە نزیكەی یەك ملیۆن و 100 هەزار كەسی لێ نیشتەجێیەو داوایكردوە ناوچەكەیان بەرەو باشوری كەرتی غەززە جێبهێڵن.

نەتەوە یەكگرتوەكان جەختی كردۆتەوە، جێهێشتنی ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیان لەو ماوە كورتەدا "مەحاڵە."

میدیا جیهانییەكان باس لەوە دەكەن كە چاوەڕوان دەكرێت ئیسرائیل هێرشی زەمینی بكاتە سەر غەززە بۆ تێكشكاندنی حەماس.

بزوتنەوەی حەماس داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە كردوە گوێ لە هۆشدارییەكەی ئیسرائیل نەگرن و رایگەیاندوە، هۆشدارییەكەی ئیسرائیل "پڕوپاگەندەیەكی پوچە."

پەیامنێری تۆڕی بی بی سی لە ئیسرائیلەوە دەڵێت، كارێكی مەحاڵە بتوانرێت 1.1 ملیۆن كەس لەماوەی 24 سەعاتدا ماڵەكانیان جێبهێڵن كە بەوپێیە دەبێت 40 هەزار كەس لە سەعاتێكدا غەززە جێبهێڵن.

وێڕای ئەوەش بەگوێرەی ئەو وێنانەی كە ئاژانسە جیهانییەكان بڵاویان كردونەتەوە، لەدوای هۆشدارییەكەی سوپای ئیسرائیل، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە، بەشێك لە هاوڵاتیانی شاری غەززە ماڵ و حاڵیان پێچاوەتەوەو هەوڵی دەرچون بەرەو باشوری كەرتی غەززە دەدەن.

بەڵام كارمەندانی پزیشكی لە غەززە رەتیدەكەنەوە شارەكە جێبهێڵن، نەبال فەرسەخ، وتەبێژی مانگی سوری فەلەستینی لە شاری غەززە لە لێدوانێكدا وتویەتی"چی بەسەر نەخۆشەكانمان دێت؟ بریندارمان هەن، بەساڵاچومان هەن، منداڵمان هەن لە نەخۆشخانەكان."

ئەو وتویەتی، زۆربەی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی رەتیدەكەنەوە نەخۆشخانەكانی غەززە جێبهێڵن و دەستبەرداری نەخۆش و بریندارەكان ببن.

هۆشدارییەكەی ئیسرائیل بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە لەكاتێكدایە كە لە تاوەكو ئێستا لە بۆردومانەكانی سوپای ئەو وڵاتەدا لە غەززە زیاتر لە 1500 فەلەستینی كوژراون.

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×