سەدر: ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ بۆ پشتیوانی لە مافی زەوتكراوی فەلەستینییەكانە
  2023-10-13       485       

ئەمڕۆ هەینی، بە ئامادەبونی هەزاران كەس لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەكان دەستی پێكرد. موهەنەد موسەوی، نوێنەری موقتەدا سەدرو وتاربێژی نوێژی هەینی، لە خۆپیشاندانەكەدا وتەیەكی موقتەدا سەدری پێشكەش كردو تێیدا داوایكرد، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە وڵاتانی ئیسلامی دابخرێن و ئامادەكاری بكرێت بۆ گەیاندنی كاروانی هاوكاریی بە غەززە.

ئاوێنە: لە وتەكەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدردا، هاتوە، ئەوە تەنها دروشم نییە كە قودس هی ئێمەیە، "ئیسرائیل قەوارەیەكی دەستدرێژیكەرە بۆ سەر خاك و قودسەكەمان."

ئەوەشی خستەڕو، پابەندین بە ئامادەكردن و ناردنی كاروانی هاوكاری بۆ غەززە ئەوەش لەدوای هەماهەنگی لەگەڵ میسرو سوریا.

سەدر هەڕەشەی لە وڵاتانی رۆژئاوا كردو رایگەیاند"كشانتان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شتێكتان بەسەردێنێت كە چاوەڕێی ناكەن."

رێبەری رەوتی سەدر ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە كردو داواشی كرد سەرجەم باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل لە وڵاتانی ئیسلامی دابخرێن.

هەروەها وتیشی"سەرجەم گەلانی موسوڵمان ئامادەن بۆ قوربانیدان لەپێناو فەلەستین...ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆش بۆ پشتیوانی لە مافی زەوتكراوی فەلەستینە."

سەدر لە وتەكەیدا سەرۆكی ئەمریكا بە "پیاوە پیرە خڵەفاوەكە" ناوبردو راشیگەیاند"ئیسرائیل قەوارەیەكی تیرۆریستییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×