کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق شێوازی ژماردنی دەنگەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاشكرا دەکات
  2023-10-13       646       

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق میکانزمێکی نوێی بۆ ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، بەجۆرێک ئەگەر جیاوازی لە نێوان ژماردنی دەستی و ئەلکترۆنیدا هەبوو زیاتر لە ٥٪ بوو ئەوا لەناوەندی وردبینی ژماردنەوەی بۆ دەکرێتەوە .

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق میكانیزمێكی نوێی ژماردنی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرد.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ژماردنی ئەلیكترۆنی، بەشێوەی (دەستیی) دەنگەكان لەناو وێستگەكاندا ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر ژماردنی ئەلیكترۆنی بەرێژەی ٥٪ لە ژماردنی دەستیی جیاواز بێت، ئەوكاتە پشت بە ژماردنی دەستیی دەبەسترێت، ئەگەر جیاوازییەكە لەو رێژەیە زیاتر بێت، دەنگی وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینی لەناو پارێزگاكەدا.

ئەم بڕیارەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دوای ئەو ناڕەزایەتییانە دێت کە دژی نوسراوەكەی رۆژی ٥ـی مانگی رابردووی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دروستبوو، كۆمسیۆنی بڕیاریدا گۆڕانكاری لە میكانیزمی ژماردنی دەنگەكاندا بكات بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی ٢٥ـی شوباتی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بڕیارەکەی پێشتری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئاڕاستەی ئۆفیسەکانی کۆمسیۆنی کردبوو لە هەرێمی کوردستان تێیدا هاتبوو، بۆ جیاکردنەوە و ئەژماری دەنگەکان پشت بە ئامێری ئەلکترۆنی دەبەسترێت و بە دەست جیاکردنەوەی بۆ ناکرێت، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دروستكرد، بەتایبەتیش كە جیاكرنەوەو ژماردنی دەنگەكان یەكێك لەو قۆناغە هەستیارانەی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان كە بەردەوام كێشەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت‌.

لەنوێترین نوسراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق كە رۆژی ١٢ـی ئەم مانگە دەریکردووە، شێوازی جیاكردنەوە‌و ئەژماری دەنگەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە کارتە پوچەڵەکانیش ڕایدەگەیەنێت، ریزبەندی ژمارەی كارتە پوچەڵەكانی دەنگدان لە ئامێری ژماردنی ئەلیكترۆنی بەراورد دەكرێت لەگەڵ كارتە پوچەڵەكانی ناو سندوقەكەدا، ئەگەر بەرێژەی ٠.٣٪ و زیاتر جیاوازی هەبوو لە ژمارەی كارتە بەتاڵەكان‌و راپۆرتی ئامێری ئەلیكترۆنی، وێستگەكە رەوانەی سەنتەری وردبینی ناوەندیی دەكرێت لە پارێزگاكە‌و لەوێ كارتە پوچەڵكراوەكانی ناو سندوقەكە بەراورد دەكرێت لەگەڵ كۆپی كارتی دەنگدان كە لە میمۆری ئامێری ژماردنی ئەلیكترۆنیدا وێنەی گیراوە‌و پارێزراوە، لەكۆتایدا پشت بە وێنە ئەلیكترۆنییەكە دەبەسترێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×