دەوڵەتی یاسا: شەڕی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس کاریگەری لەسەر ناوچەکە ده‌بێت
  2023-10-14       442       


سەرکردەیه‌كی‌ دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی، پێیوایە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دروست دەکات. ده‌شڵێت، "حەشدی شەعبی بەشێکە لەسیستمی سەربازیی حكومه‌تی‌ عێراق‌و دەسەڵاتی جوڵه‌ی‌ بەرەو سنورەکانی دەرەوەی عێراق نییە، بەبێ وەرگرتنی فەرمان لەحکومەتی عێراقی."

ئاوێنه‌: ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ شه‌ڕو پێكدادانی‌ نێوان سوپای‌ ئیسرائیل‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ به‌رده‌وامه‌و حەشدی شەعبی لەعێراق و حزبوڵا لەلوبنان، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل‌و بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە دەکەن، گەر هێرشەکان بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێن و ئەمەریکا دەستوەردان لەو شەڕەدا بکات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لەدەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، پێیوایە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دروست دەکات، بەو پێیەی دۆزی فەڵەستین بەلای وڵاتانی عەرەبییەوە دۆزێکی گرنگە.

مەتڵەبی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "حەشدی شەعبی بەشێکە لەسیستمی سەربازی عێراقی و دەسەڵاتی جوڵانی بەرەو سنورەکانی دەرەوەی عێراق نییە، بەبێ وەرگرتنی فەرمان لەحکومەتی عێراقی."

وتیشی، "گەر حکومەتی عێراق مۆڵەت نەدات، حەشدو هیچ هێزێکی عێراقی ناتوانێت لەدەرەوەی سنورەکانی عێراق ڕۆڵ بگێڕێت."

به‌ره‌به‌ریانی‌ ڕۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2023، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دژ بەئیسرائیل راگەیاندو لەگەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەزاران موشەكی‌ ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. هه‌روه‌ها له‌هێرشه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی‌ سوپای‌ ئیسرائیل كوژران‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌شی‌ به‌دیل گرت. له‌به‌رامبه‌ردا سوپای‌ ئیسرائیل ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌زه‌وی‌‌و ئاسمانه‌وه‌ به‌چڕی‌ بۆردومانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌و هەڕەشەی لەناوبردنی تەواوەتی بزوتنەوەی حەماس دەکات.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×