لە سلێمانی دەستبەسەر بڕێكی زۆر گوێز و هەنگوینی خراپبوودا گیرا
  2023-10-16       354       

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە دەستیان بەسەر بڕێك گوێز و هانگوینی هاوردەدا گرتووە كە شیاو نەبوون بۆ خواردن.

دیوانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان گرت بەسەر بڕی دوو تۆن گوێزدا، كە لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانییەوە هاوردەكرابوو، بەپێی ئەنجامی پشكنینی كیمیای و فیزیایی بۆی شیاو نەبووە بۆ خواردن، هەربۆیە بڕیاری لەناوبردنی درا".

باسی لەوەشكردووە:" هاوكات دەستگیرا بەسەر بڕی ١٥٠ كیلۆگرام شیلە و شانەی هەنگوینی هاوردەكراوی بێ بەرواردا، كە بەهەنگوین لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێت".
پێشتریش، بەبڕیاری بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی هەنگوینی شانەی هاوردە و بەبڕیاری تەندروستی سلێمانی شیلەی دروستكراوی هاوردە قەدەغە كراوە و رێگە نادرێت بەناوی هەنگوینەوە لەبازاڕەكاندا بفرۆشرێن.

هەروەها، لیژنە هاوبەشەكان كۆمپانیا و نوسینگەكانی گواستنەوەی شمەك و خۆراك ئاگادار دەكاتەوە كاری گواستنەوە بۆ هیچ خۆراك و كاڵایەك نەكەن، كە دڵنیا نەبن لە بەرواری دەرچون و بەسەرچوونی، لەكاتی سەرپێچیدا رێكاری یاسایی توندیان لەگەڵ دەگیرێتەبەر.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×