نەقشبەندی لەکوردستان
  2019-08-07       2396       

   ئا: بارام سوبحی‌

له‌دوتوێی‌ كتێبێكدا، نوسه‌رێكی‌ ئێرانی‌ ته‌واوی‌ نهێنیه‌كانی‌ رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌‌و سۆفیگه‌ری‌ به‌جۆرێكی‌ زانستیانه‌ بۆ خوێنه‌ران ده‌خاته‌ڕو.

كتێبی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌كوردستان، له‌نوسینی‌ ئه‌میر وه‌زیری‌‌و وه‌رگێڕانی‌ عه‌لی‌ میرزا عارف هه‌ورامیه‌‌و له‌لایه‌ن خانه‌ی‌ وه‌رگێڕان له‌سلێمانی‌ چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌مێژو و ره‌فتارو ئاكارو رێنمایی‌‌و ئاداب‌و رێوڕه‌سم‌و گۆڕانكارییه‌كانی‌  رێوڕه‌چه‌ی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌كوردستاندا.

نه‌قشبه‌ندی‌ چۆن په‌یدا بو؟
به‌وته‌ی‌ نوسه‌ر، گه‌شه‌كردن‌و په‌ره‌سه‌ندنی‌ رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌یه‌كگرتنی‌ هزرو رێنماییه‌كانی‌ عه‌بدولخاقی‌ غوجدانی‌‌و به‌هائه‌دینی‌ بوخارایی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌و له‌خاكی‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ تێپه‌ڕیوه‌و بڵاوبوه‌ته‌وه‌. ده‌رباره‌ی‌ گه‌یشتنی‌ ئه‌م رێبازه‌ش به‌كوردستان، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌م رێبازه‌ پێش مه‌ولانا خالید له‌كوردستاندا بونی‌ هه‌بوه‌، له‌ناوچه‌ی‌ كوردستان رێبازی‌ سوننی‌ قادری‌ رێگربون له‌په‌ره‌سه‌ندنی‌ رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ (13)ی‌ كۆچی‌ (كۆتایی‌ سه‌ده‌ی‌ 19 زاینی‌) به‌هۆی‌ مه‌ولانا خالیدی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ ئێران‌و عێراق‌و توركیاو سوریا به‌فراوانی‌ بڵاوكرایه‌وه‌. وه‌رگێڕی‌ كتێبه‌كه‌ش جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ له‌كوردستان مه‌ولانا خالید دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌هیندستانه‌وه‌ له‌ساڵی‌ (1811ز)، توانی‌ ئه‌و رێبازه‌ بڵاوبكاته‌وه‌. 
ئه‌وه‌ی‌ نه‌قشبه‌ندییانی‌ كوردستان له‌نه‌قشبه‌ندیانی‌ وڵاتانی‌ تر جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌قشبه‌ندییه‌كانی‌ كوردستان تێكڕا له‌په‌یڕه‌وانی‌ مه‌زهه‌بی‌ ئیمامی‌ شافیعین، به‌ڵام نه‌قشبه‌ندییانی‌ ئه‌فغانستان‌و هندستان‌و وڵاتانی‌ ئاسیای‌ ناوه‌ند له‌په‌یڕه‌وانی‌ ئیمام ئه‌بو حه‌نیفه‌ن.
وه‌زیری‌، باس له‌وه‌ده‌كات شێخ عوسمانی‌ سیراجه‌دینی‌ كه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌ڕابه‌ره‌ دیاره‌كانی‌ رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌كوردستان، وتویه‌تی‌: چه‌ندینجار به‌دیداری‌ حه‌زره‌تی‌ ئیبراهیم گه‌یشتوم، ده‌مدی‌ جلوبه‌رگی‌ كوردی‌ له‌به‌ردا بوه‌. ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م وته‌یه‌ش، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ده‌گونجێت پۆشاكی‌ كوردی‌ ئه‌و حه‌زره‌ته‌ هێما بێت كه‌ ئه‌وان به‌ڕاستی‌ كورد بوبن‌و به‌و جۆره‌ خۆی‌ بۆ حه‌زره‌تی‌ شێخ عوسمان ده‌رخستبێت.

بنه‌چه‌ی‌ وشه‌ی‌ نه‌قشبه‌ند
سه‌باره‌ت به‌مانای‌ وشه‌ی‌ نه‌قشبه‌ند، نوسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كتێبی‌ (تنویر القلوب)ی‌ شێخ محه‌مه‌د ئه‌مین كوردی‌‌و ده‌ڵێت: مانای‌ نه‌قشبه‌ند، هێشتنه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌و وێنه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر مۆم ده‌نه‌خشێنرێت‌و ناسڕێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌ به‌هائه‌دین ده‌وترێ‌ نه‌قشبه‌ند، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ یادی‌ خودای‌ به‌دڵ كردوه‌ وشه‌ی‌ (الله‌) له‌سه‌ر دڵی‌ ده‌ركه‌وتوه‌‌و نه‌خشی‌ به‌ستوه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: جگه‌ له‌مانا زمانه‌وانیه‌كه‌ی‌، نه‌قشبه‌ند زاراوه‌یه‌كی‌ هونه‌رییه‌و له‌تێكسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ (8- 10) كۆچی‌ به‌م جۆره‌ هاتوه‌: نه‌قشبه‌ندی‌ هونه‌ری‌ نه‌خشه‌كێشان‌و وێنه‌كاری‌ له‌سه‌ر قوماش بوه‌.
نوسه‌ر، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌سه‌رده‌می‌ سه‌ره‌تای‌ ئیسلام‌و له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌بوبه‌كری‌ سدیقه‌وه‌ تا سه‌رده‌می‌ بایه‌زیدی‌ به‌ستامی‌ به‌"سدیقیه‌" ناوزه‌دكراوه‌، دواتر به‌ته‌یفورییه‌و له‌سه‌رده‌می‌ خواجه‌ عه‌بدولخاقی‌ غوجدانی‌ به‌خواجه‌كان‌و له‌سه‌رده‌می‌ به‌هائه‌دینی‌ بوخارایی‌ به‌نه‌قشبه‌ندی‌ ناسراوه‌و بڵاوبۆته‌وه‌. 

هۆكاره‌كانی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ نه‌قشبه‌ندی‌
به‌بۆچونی‌ نوسه‌ر دوای‌ هێرشی‌ مه‌غۆله‌كان‌و كۆتایهاتنی‌ سه‌رده‌می‌ خه‌لافه‌ت، له‌چه‌رخی‌ ته‌یموردا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌گه‌ری‌ بره‌وی‌ پێدراوه‌، دوای‌ مردنی‌ ئه‌ویش شیعه‌گه‌ری‌ له‌ناو سۆفیه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو په‌ره‌یسه‌ندو ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی‌ تێكه‌ڵاوبونی‌ "شیعه‌و سۆفیگه‌رێتی‌"، بۆیه‌ نوسه‌ر ده‌ڵێت"له‌ڕاستیدا رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ كاردانه‌وه‌ بو به‌رانبه‌ر به‌و جۆره‌ بارودۆخه‌".
نوسه‌ر، سه‌ده‌ی‌ نۆهه‌می‌ كۆچی‌ به‌سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌‌و شێخه‌كانی‌ ده‌ژمێرێت، چونكه‌ "زۆربه‌ی‌ میرو میرزاده‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌یموری‌ موریدو وابه‌سته‌و شوێنكه‌وته‌ی‌ رێبازه‌كه‌ بون".

تیغبازی‌ له‌قادری‌‌و نه‌قشبه‌ندیدا
به‌گوێره‌ی‌ ئه‌م كتێبه‌، له‌سه‌رده‌می‌ عه‌بدولقادری‌ گه‌یلانیه‌وه‌ تا ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ چواره‌می‌ كۆچی‌، له‌بازنه‌ی‌ رێبازی‌ قادریدا به‌هیچ جۆرێك تیغبازی‌ نه‌كراوه‌. دروستبونی‌ رێوڕه‌سمی‌ تیغبازی‌‌و شوشه‌ كرماندن له‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵچون‌و جه‌زبه‌ی‌ توندی‌ ده‌روێشانی‌ (سه‌ید ئه‌حمه‌دی‌ ریفاعی‌) به‌تایبه‌تی‌ له‌كوردستانی‌ عێراقه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.
هه‌رچی‌ سه‌باره‌ت به‌رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندییه‌، به‌هائه‌دینی‌ بوخارایی‌ هه‌ستا به‌لادان‌و سڕینه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ رێوڕه‌سمه‌كانی‌ سۆفیگه‌ری‌، له‌بواری‌ ده‌نگی‌ به‌رزو ئاشكرا له‌زیكرو چۆنێتی‌ ئه‌نجامدانی‌ خه‌ڵوه‌ت، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می‌ خواجه‌مه‌حمودی‌ ئه‌نجیر فه‌غنه‌ویدا رێڕه‌وی‌ زیكری‌ په‌نهانی‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌رداهێنراو زیكر به‌ئاشكراو به‌ده‌نگی‌ به‌رز ده‌كرا. 

جیاوازی‌‌و لێكچونی‌ قادری‌‌و نه‌قشبه‌ندی‌
نوسه‌ر چه‌ند خاڵێك وه‌كو جیاوازییه‌كانی‌ نێوان قادری‌‌و نه‌قشبه‌ندی‌ ده‌خاته‌ڕو، له‌وانه‌ رێبازی‌ قادری‌ زنجیره‌ی‌ شێخانی‌ رێبازه‌كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ پێشه‌وا عه‌لی‌ كوڕی‌ ئه‌بو تاڵیب چواره‌م خه‌لیفه‌ی‌ موسڵمانان‌و حه‌سه‌نی‌ كوڕی‌، به‌ڵام نه‌قشبه‌ندی‌ زنجیره‌كه‌یان ده‌به‌نه‌وه‌ سه‌ر پێشه‌وا ئه‌بوبه‌كری‌ سدیق‌و حسێنی‌ كوڕی‌ عه‌لی‌. جیاوازییه‌كانی‌ دیكه‌یان ئه‌وه‌یه‌ له‌قادریدا به‌ئاشكرا زیكر ده‌كرێت، به‌ڵام له‌نه‌قشبه‌ندیدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ نهێنیه‌. هه‌روه‌ها قادری‌ رێبازێكی‌ "موریدی‌"یه‌ به‌ڵام نه‌قشبه‌ندی‌ "مورادییه‌". خاڵی‌ هاوبه‌شی ئه‌م دو رێبازه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌مو كات‌و سه‌رده‌مێكدا‌و له‌هه‌مو شته‌كاندا هه‌ردولایان ئیمام جه‌عفه‌ری‌ سادق به‌پشتیوان‌و یارمه‌تیده‌ر ده‌زانن‌و به‌(مجمع البحرین) ناوی‌ ده‌به‌ن‌و یادی‌ ده‌كه‌ن.

بنه‌ماڵه‌و كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌كان
سه‌باره‌ت به‌دیارترین ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی‌ په‌یڕه‌وییان له‌رێبازی‌ قادری‌ كردوه‌، نوسه‌ر ناوی‌ بنه‌ماڵه‌كانی‌: شه‌مزینان، تاڵه‌بانی‌، بریفكانی‌، زه‌نبیل، شێخ به‌هائه‌دین كه‌فراوی‌، شێخ فه‌هیم ئاروسی‌، سه‌ندۆڵان، حاجی‌ شێخ مسته‌فای‌ كۆكه‌یی‌، شێخ عه‌لی‌ ده‌رگا شێخانی‌، چوێسه‌، خالیسی‌، ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ بنه‌ماڵه‌كانی‌ رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌كوردستان ئه‌م ناوانه‌ ده‌هێنێت: خانه‌دانی‌ نه‌هری‌ شه‌مزینی‌، بنه‌ماڵه‌ی‌ شێخ بورهان، سه‌یده‌كانی‌ زه‌نبیل، شێخ مه‌لا قادری‌ چه‌مپاراو، بارزان، شێخانی‌ بیجیلی‌، دۆزه‌خ ده‌ره‌، سیری‌، غیاسی‌، شه‌هبازی‌، دیانه‌ت.
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ كتێبه‌كه‌دا، نوسه‌ر ناوی‌ ئه‌م شاعیرو نوسه‌رانه‌ی‌ كورد‌و كورته‌یه‌ك له‌ژیاننامه‌كانیان ده‌هێنێت، كه‌ له‌سه‌ر رێبازی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ بون ئه‌وانیش: مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ نۆدشی‌، بێسارانی‌، شێخ محه‌مه‌د ئه‌مین كوردی‌ ئه‌ربیلی‌، مه‌لا عه‌بدولقادری‌ موده‌ڕیس، موجته‌هیدی‌ سنه‌یی‌، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس، مه‌وله‌وی‌، نالی‌، مه‌حوی‌، وه‌فایی‌، ناری‌، تایر به‌گی‌ جاف، بێخود، قانع، حه‌ریق.

ته‌سه‌وف له‌كوردستان
له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كوردو ته‌سه‌وفه‌وه‌، ئازاد ئه‌مین عه‌لائه‌دین نه‌قشبه‌ندی‌ له‌پێشه‌كی‌ ئه‌م كتێبه‌دا نوسیویه‌تی‌: ته‌سه‌وف له‌گه‌ڵ ئیسلامبونی‌ كوردا بوه‌ سه‌رمایه‌یه‌كی‌ گرنگ، به‌درێژایی‌ مێژوی‌ خۆی‌ له‌كوردستاندا له‌خزمه‌تی‌ به‌ره‌و پێشبردن‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ ئه‌ده‌بیات‌و زانیاری‌ عیرفانی‌ گه‌له‌كه‌ماندا بوه‌، كه‌ له‌حوجره‌و خانه‌قاو ته‌كیه‌كاندا رۆڵی‌ گرنگ‌و سه‌ره‌كی‌ هه‌بوه‌. به‌ڵام جێگه‌ی‌ داخ‌و نیگه‌رانیه‌ زۆرێك له‌ئێمه‌ی‌ كورد ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م زانسته‌ گرنگه‌ شتێكی‌ ئه‌وتۆ نازانین‌و لێی‌ به‌ئاگا نیین، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا خاوه‌نی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م زانسته‌ین‌و له‌لای‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌رچوه‌و پرشنگی‌ جیهانی‌ ئیسلامی‌ روناك كردوه‌ته‌وه‌.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×