کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ٢٥٦ کاندیدی دوورخستەوە
  2023-10-17       279       

کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ٢٥٦ کاندیدی لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوورخستەوە و ئاشکرای کردوە کە زۆرینەی کاندیدەکان تۆمەتی بەعسیبوونی دراوەتەپاڵ.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنى کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، تاکو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥٦ کاندیدیان لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوورخستووەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ١٩٧ کەسیان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، (کە دەستەیەکی تایبەتە بە ریشەکێشکردنی بەعس)، دوورخراونەتەوە و ٥٧ کەسیان بەھۆی دۆسییەی تاوانکاری و کەسێکیش بە تۆمەتی گەندەڵی و کەسێکی تریش بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی تیرۆر دوورخراونەتەوە.

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق زیاتر لە ٢٣ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و تائێستا ١٠ ملیۆن کەسیان کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە، ٢٩٦ پارت بە ٥٠ ھاوپەیمانێتی، کێبڕکێ لەسەر ٢٧٥ کورسیی ئەنجومەنی ١٥ پارێزگای عێراق دەکەن.

بڕیاروایە ڕۆژی ١٨ی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×