وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کرد، باڵیۆزەکانی ئیسرائیل لە وڵاتەکانیان دەربکەن.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە:" لە میانەی کۆبوونەوەی رێکخراوی ئیسلامی کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکانی ئەندام لەو رێکخراوە بەشداربوون، حسێن ئەمیر عەبدولهیان وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی رێکخراوەکە کرد، باڵیۆزەکانی ئیسرائیل لە وڵاتەکانیان دەربکەن و سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەبیب ببچڕێنن".
ئاماژەیان بەوەشکرد:" هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران داواشیکردووە، هەناردەکردنی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە بۆ ئیسرائیل بە هەمووشێوەیەک رابگیرێت و هەر پرۆژەیەکیش ئیسرائیل تێیدا بەشدارە رابگیرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی بەپەلەی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە شاری جەدەی سعودییە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، شەوی رابردوو نەخۆشخانەیەک لە کەرتی غەزە بۆردومانکرا و تیایدا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و هەردوولایەنی شەڕکەریش بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە رەتکردەوە.