سوپای ئەمریكا: لە 24 سەعاتی رابردودا روبەڕوی هێرشی سێ درون بوینەتەوە لە عێراق
  2023-10-18       316       

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، هێزەكانیان لە عێراق لە دو هێرشی جیاوازدا روبەڕوی سێ درۆن بونەتەوە، دو لە درۆنەكانیان تێكشكاندون و گورزیان لەوی دیكەیش وەشاندوە.

ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، سوپای ئەمریكا لە عێراق روبەڕوی سێ درۆن بۆتەوە لە نزیك هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە رۆژئاوای عێراق هێزەكانیان روبەڕوی هێرشی دو درۆن بونەتەوە، یەكێك لە درۆنەكان تێكشكێنراوەو گورزیش لە درۆنی دوەم وەشێنراوە، لە هێرشەكەدا هێزەكانی هاوپەیمانان برینداری سوكیان هەبوە.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هێزەكانیان روبەڕوی هێرشی درۆنێكی دیكە بونەتەوە لە باكوری عێراق و درۆنەكەیان تێكشكاندوەو هێرشەكە هیچ زیانی گیانی و ماددی لێ نەكەوتۆتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا راشیگەیاندوە، لە نزیكەوە چاودێری دۆخی عێراق و ناوچەكە دەكەن و جەختیش لەوە دەكەنەوە كە هێزەكانیان بەرگری لە خۆیان و هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەن لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەكدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×