بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دژی هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە.
ئاوێنه: رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە:" جۆش پاوڵ بەڕێوەبەری کاوروباری گشتی و کۆنگرێس لە نوسینگەی کاروباری سیاسی – سەربازی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستی لەکارکێشایەوە". ئاماژەی بەوەشکرد:" هۆکاری دەست لەکاركێشانەوەی بەرپرسەکەی ئەمەریکا بۆ هەڵوێستەکانی جۆ بایدن سەرۆکی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە سەبارەت بە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لەوبارەیەشەوە رایگەیاندووە، کاردانەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەرامبەر دۆخی فەڵەستین بێباکانەیە و مایەپوچبوونی فکری دەسەلمێنێت".
پۆڵ کە زیاتر لە ١١ ساڵە لەو پۆستەدا کار دەکات باسی لەوەکردووە:" ناتوانم بەردەوابم لە کارێکدا کە پەیوەندیدارە بە کوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی فەڵەستینەوە".
دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسەکەی ئەمەریکا بەهۆی سیاسەتی وڵاتەکەیەوە بەرامبەر دۆخی غەزە حاڵەتێکی دەگمەنە، بەوپێیەی ئەمەریکا بە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئیسرائیل دادەنرێت.