400 بەرپرسی ئەمریکی نامەیەکی پڕ رەخنە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن و پێی رادەگەیەنن، دڵتەنگن بەوەی خەڵکی فەڵەستین لە کارەساتێکدا دەژین کە بە دەستی حکومەتی ئیسرائیل دروستبوە، بێزاربون لەو سەرکردانەی مێژوی نەتەوەکان بۆ ئەجێندای سیاسی بەکاربهێنن، داواش دەکەن بە زوترین کات چارەسەری ریشەیی بدۆزرێتەوە.
ئاوێنە: رۆژنامەی "یەدیۆس ئارانۆس"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، نامەیەک بە واژۆی 400 بەرپرسی ئەمریکی و جولەکەوە ئاڕاستەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کراوە، لەو نامەیەشدا رەخنە لە ئیدارەی بایدن گیراوە بەهۆی پشتگوێخستنی پشتیوانییەکانی فەڵەستین.
لە دەقی نامەی بەرپرسەکان هاتوە، هەڕەشە لەسەر گیانی ملیۆنها خەڵک هەیە، بنەماڵە، مێژو و نەریتی ئایینیان لە قوڵایی قودس و ئیسرائیل و فەڵەستین ریشەیی کێشاوە، لەبەر ئەوەی ئەوانیش لە رابردو لە کۆیلایەتی و چەوساندنەوە رزگاریان بوە، ناچارن لەم ساتەدا دەنگیان هەڵببڕن.
ئەوەش خراوەتەڕو، لەسەر پرسی ئیدانەکردنی ئەو تاوانە جەنگییانەی هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس ئەنجامیداوە دێنە ریزی ئەندامانی کۆنگرێس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵتەنگن بەوەی خەڵکی فەڵەستین لە کارەساتی دروستکراوی دەستی حکومەتی ئیسرائیلدا دەژین.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتوە، لە ترسی نەوە دوای نەوە و کۆمەڵکوژی بێزاربون، بێزابون لەو سەرکردانەی هانیان دەدەن بۆ ئەوەی تۆمەتەکان ئاڕاستەی یەکدی بکەن و مێژوی نەتەوەکان لە ئەجێندای سیاسیدا بەکاربهێنن.
بە گوێرەی رۆژنامەی "یەدیۆس ئارانۆس"ی ئیسرائیلی ئەو بەرپرسە ئەمریکی و جولەکانە بەبێ تۆمارکردنی ناوی خۆیان واژۆیان لەسەر نامە ئاڕاستەکراوەکەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کردوە.