سەدر بۆ حكومەت و پەرلەمانی عێراق: باڵیۆزخانەی ئەمریكا دابخەن
  2023-10-27       361       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوا لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكات باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەوڵاتەكە دابخەن ئەوەش بەهۆی پشتیوانییەكانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل. دەشڵێت: ئەگەر حكومەت و پەرلەمان وەڵامی داواكەمان نەدەنەوە، هەڵوێستی ترمان دەبێت.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێكدا رایگەیاند"لە ڕوانگەی پشتیوانیكردن لە ستەملێكراوانی خۆرهەڵات و خۆرئاوای زەوی، بەتایبەت لەڕوانگەی پشتیوانیمان بۆ برایان و خەڵكەكەمان لە فەلەستین و غەززەی خۆشەویست، داوا لە حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق دەكەم بە سەرجەم توێژو ئاڕاستەكانییەوە، بۆ یەكەمجارو لەپێناو بەرژەوەندی گشتی نەك تایبەت، دەنگ بدەن لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لەبەر پشتیوانییە بێسنورەكانی ئەمریكا بۆ زایۆنییە تیرۆریستەكان دژی غەززە."

سەدر لەگەڵ ئەوەش داوای كردوە، پابەندبون بە پاراستنی كارمەندانی دیپلۆماسی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە هەبێت و لەلایەن "میلیشیا بێ شەرمەكانەوە كە دەیانەوێت ئاسایش و ئارامی عێراق تێكبدەن" پەلامار نەدرێن.

رێبەری رەوتی سەدر جەختی كردۆتەوە "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی حكومەت و كردەوەكانی دەكەین بۆ ئەم داواكارییە (داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا) لە عێراق، ئەگەر حكومەت و پەرلەمان وەڵام نەدەنەوە، هەڵوێستێكی ترمان دەبێت كە دواتر رایدەگەیەنین."

سەدر داواشی لە هەمو لایەك كردوە كە "گوێڕایەڵ بن و رەفتاری تاكەكەسی ئەنجام نەدەن، بەهەمو شێوەیەك خۆیان لە بەكارهێنانی چەك بەدوربگرن."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە ئومێدەوارن "خوازیارنی جیهادو میحوەری مقاوەمە" رێگریی نەكەن لە جێبەجێكردنی ئەم داواكارییە بە پاساوی خراپی باری ئابوریی بەهۆی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"بێدەنگی تەواو دەبێتە مایەی ئاساییكردنەوە(ی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل)و لادان و هەژاری."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×