جارێكی تر هێرشكرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار
  2023-10-27       385       

ئەمڕۆ هەینی، هێرشێكی دیكە كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: گروپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرتوە.

گروپەكە لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی، لەڕێگەی درۆنێكەوە هێرشیان كردۆتە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هێرشەكە "راستەوخۆی ئامانجەكەی خۆی پێكاوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە شەوی رابردو، پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، "هێرشێك كراوەتە سەر هێزەكانمان لە بنكەی ئاسمانی هەولێر لە عێراق، هێرشەكە سەركەوتو نەبوەو زیانی گیانی لێنەكەوتۆتەوە، هەندێك زیانی كەمی بۆ بنكەكە هەبوە."

وتەبێژەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لەنێوان 17 تاوەكو 26ی ئەم مانگە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان روبەڕوی 12 هێرشی جیا لە عێراق و چوار هێرشی جیای دیكە لە سوریا بونەتەوە.

وتیشی، دەزانین ئەو گروپانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن سەربە ئێرانن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا وتی، "سوپای ئەمریکا دو کۆگای چەک و تەقەمەنییان لە رۆژهەڵاتی سوریا کردوەتە ئامانج کە ئەو کۆگایانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتون."

ئەوەشی خستەڕو"هێرشەكە لە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتوانەی گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بوە کە لە عێراق و سوریا، هێزەکانی ئەمریکایان لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردوەتە ئامانج."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×