پەرلەمانتارێکی پارتی: کابینەکەی سودانی ناتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات و چەندین کێشەی تری هەیە
  2023-10-27       267       

سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی پارتی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌ژێر كاریگه‌ری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ناتوانێت بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، دەشلێت، کابینەکەی سودانی "رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و دانه‌مه‌زراندنی ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ی رۆژانه‌ی هاووڵاتییان."

سەباح سوبحی بە میدیای پارتی راگەیاندووە كورد بۆ داواكارییه‌كانی و جێبه‌جێكردنیان رێگای سیاسی و یاسایی و ده‌ستووری هه‌یه و  به‌وپێیه‌ی له‌ په‌رله‌مان زۆرینه‌ نییه‌، بۆیه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هه‌ر بابه‌تێكیان بوێت به‌ زۆرینه‌ ده‌توانن تێیبپه‌ڕێنن، بۆ ده‌ستوور و سیاسه‌تیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌.

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت، حکومەتەکەی سودانی کە ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر تەمەنیدا تێپەڕ دەبێت، لەلایەن ئێرانەوە فشاری لێدەکرێت تا ئەنجێندای خۆی جێبەجێ بکات و لەلایەن ئەمریکاشەوە بە هەمان شێوە تا نەکەویتە ژێر هەژموونی تاران، بۆیە لەگەڵ کاریگەری ناوخۆ ناتوانێت بابەتەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

لە کابینەکەی سوودانیدا ناکۆکییەکی زۆر دروست بووە لەنێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق. هەرچەندە لە مانگی رابردوو هەردوولا رێککەوتنێکیان کرد بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لە بەغداوە نێردراوە و هێشتا چارەنووسی دوو مانگی داهاتوو دیار نییە. 

هەفتەی رابردوو رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند بەمزووانە 700 ملیاری دووەم دەگاتە هەرێم بەڵام تا ئێستا نەگەشتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی عێراق تەواو بووە و لەکاتی خۆیدا وەریانگرتووە، بەڵام تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×