قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگه‌یاند، "ئامادەین هاوشێوەی ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەین".
ئاوێنە: به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، قاسم ئەعرەجی به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی ئارامگه‌ی مام جەلالی له‌ده‌باشان كرد، له‌لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه‌و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان و به‌دواداچونه بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌ی له‌نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه.
وتیشی، “سوپاس بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی لە هەرێم و بەغداوە هاوكاربوون بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە”.
قاسم ئەعرەجی، باسی لەپەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا کرد و وتی، “توركیا دراوسێیه‌كی گرنگی ئێمه‌یه هاوشێوه‌ی ئێران، هه‌وڵده‌ده‌ین هیچ گروپێكی چه‌كداری له‌نێو خاكی عێراق نه‌مێنێت كه دژی ئه‌و وڵاتانه بێت و ئێستا هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه به ته‌واوی دابخه‌ین، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه ڕێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ بکەین”.
هاوکات سەبارەت بەكێشه‌ی ڕه‌وانه‌كردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایەن به‌غداوه، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق وتی، “محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵی جدیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی کوردستان.”