لە پەرلەمان تەنها ٣٢ واژۆ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كۆكراوەتەوە
  2023-10-30       367       


لە كۆی ٣٢٩ پەرلەمانتاری عێراق ٣٢ واژۆ كۆكراوەتەوە، بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەو پەرلەمانتارانە داوایەكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دابخات و باڵیۆز ئەلینا ڕومانسكی دەربكات.

ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی كۆكردنەوەی واژۆ و پێشكەشكردنی داواكارییەك بە سەرۆكاییەتی پەرلەمان، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاو كردووەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل لە غەزە و كوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، بە پشتبەستن بە مادەی ٢٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ژمارەیەك پەرلەمانتار داواكارییەكمان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی پێشكەش بە سەرۆکاییەتی پەرلەمان كردووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، واژۆی ٣٢ پەرلەمانتار كۆكراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە، كە تیایدا  پرسی داخستنی باڵیۆزخانە و دەركردنی باڵیۆزی ئەمریكا و ڕاگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانی پشتیوانی ئیسرائیلن تاوتوێ دەكرێت.

لە ٢٧ی ئەم مانگەدا موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدری، داوای لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق كرد، دەنگ لەسەر بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق بدەن، بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە فەڵەستینییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×