عامری: كردنە ئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لە هەردو بنكەی عەین ئەسەدو هەریر كاردانەوەیەكی ئاساییە
  2023-10-30       598       

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، ئێستا كاتی ئەوەیە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بچنە دەرەوە چونكە هیچ پاساوێك و پێویستییەك بۆ مانەوەیان نەماوە. دەشڵێت: كردنە ئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لە هەردو بنكەی عەین ئەسەدو هەریر لەلایەن گروپەكانی "مقاوەمەی ئیسلامی"یەوە كاردانەوەیەكی ئاساییە بەرامبەر لایەنگریی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا.

ئاوێنە: هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئێستا كاتی چونەدەرەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق، چونكە هیچ پێویستی و پاساوێك بۆ مانەوەیان نەماوە."

بەقسەی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، تا ئەو كاتەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بونیان هەبێت، نابێ هیچ كەس چاوەڕێی ئەوە بكات توانا سەربازییەكانی سوپای عێراق و دامەزراوە ئەمنییەكانی دیكە، بونیاد بنرێن.

هادی عامری وتوشیەتی"بەڕاستی جێی عەیبەیە لەدوای ئەو هەمو دەستكەوت و سەركەوتنە گەورانەی كە دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانمان لە شەڕی دژبە داعشی تیرۆریست كە لەوپەڕی توانای خۆیدا بو، بەدەستیان هێنا، هەندێك بیانو بۆ ئەوە بهێننەوە كە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پاساوی یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ شەڕی پاشماوەی شانەكانی ئەم تیرۆرە پێویستە".

سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشداوە"پێویستە حكومەتی عێراق تەواوی رێكارە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ دیاریكردنی خشتەیەكی زەمەنی جددی و دیاریكراو و كورتخایەن بۆ چونەدەرەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەدور لەو پڕۆسانەی دواخستن كە پێشتر رویانداوە."

لەبارەی زنجیرە هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارو بنكەی ئاسمانی هەریر لە پارێزگای هەولێر، هادی عامری هێمای بۆ ئەوە كردوە"لەدوای ماوەیەك لە ئارامی، كردنە ئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لە هەردو بنكەی عەین ئەسەد و هەریر لەلایەن گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامییەوە لەعێراق سەری هەڵداوەتەوە، ئەوەش كاردانەوەیەكی ئاساییە بەرامبەر لایەنگریی ئەمریكاو هەندێك لە وڵاتانی ئەورپی بۆ قەوارەی زایۆنی دەستدرێژیكار لە ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ دژبە خەڵكەكەمان لە غەززە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×