هێرشێكی تر كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار
  2023-10-30       381       

ئەمڕۆ دوشممە، بەموشەك هێرشێكی تر كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت. گروپی "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" دەڵێت، ئێمە هێرشەكەمان ئەنجامداوە.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراقەوە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە، بە چوار موشەكی جۆری كاتیۆشا هێرشكراوەتە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەداوە كە هێشتا زیانە گیانی و ماددییەكانی هێرشەكە نەزانراون و دو سەرچاوەی سوپای عێراقیش وتویانە، رەنگە موشەكەكان دور لە بنكە ئاسمانییەكە كەوتبنە خوارەوە.

هەروەها ئاژانسەكە لە زاری دو سەرچاوەی ئەمنیشەوە بڵاویكردۆتەوە كە موشەكەكان لەدوری 25 كیلۆمەتر لە بنكەكەوە هاوێژراون و هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستیان كردوە بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی هێرشەكەدا.

هاوكات "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامدانی هێرشەكەی گرتۆتە ئەستۆو رایگەیاندوە، بە زنجیرەیەك موشەك بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد-یان كردۆتە ئامانج.

هەر ئەمڕۆ بەڵام بەر لەم هێرشە دو بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە 17 هەتا 30ی ئەم مانگە، 23 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.

بەپێی قسەی ئەو دو بەرپرسە، 14 لەو هێرشانە لە عێراق و 9 هێرشەکەی دیکەش لە سوریا ئەنجام دراون و هێرشەکان بە درۆن و موشەك ئەنجام دران، بەڵام زۆربەیان خراونەتە خوارەوە بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×