راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق: میکانیزمێکی نوێ بۆ نزمکردنەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات
  2023-11-03       370       

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، خزمەتگوزاری بانکی "ڤیزا دایرێکت" هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخی دۆلار، بەوپێیەی رێگە بۆ بازرگانە بچوکەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی دراوەکانەوە پارە لە هەژمارێکەوە بۆ هەژمارێکی دیکە حەواڵە بکە، بە نرخی دۆلاری فەرمی.

ئاوێنە: فادی شەمەری راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کاروباری بانکی لە ئێستادا بە تێروانینێکی نوێ و میکانیزمی پێشکەوتو ئەنجامدەدرێت، بانکەکانی عێراقیش یەکەمین بانکن کە خزمەتگوزاری حەواڵەی راستەوخۆی دارایی لە رێگەی خزمەتگوزاری "ڤیزا دایرێکت" دابین بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەرەپێدانە نوێیە لەگەڵ رێنماییەکانی بانکی ناوەندی بۆ رێکخستنەوەی پەیکەری کاروباری بانکی دەگونجێت، کاریگەری ئەرێنیش لەسەر بازرگانی و کاروباری بانکی گشتی عێراق دەبێت.

ئەوەشی خستەڕو، هیوادارن هاوڵاتیان کارلێکیان لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییە نوێیە بانکییە هەبێت، چونکە هاوکار دەبێت لە رێگەگرتن لە قۆرغکارانی بازاڕی رەش، هەروەها سودی بۆ بازرگانە بچوکەکان دەبێت لە بەکارهێنانی سەکۆی ئەلیکترۆنی دراوەکان، لە حەواڵەکردنی پارە لە هەژمارێکەوە بۆ هەژمارێکی دیکە بە شێوەیەک دراوەکان بە نرخی فەرمی بێت.

باسی لەوەشکرد، خزمەتگوزاری "ڤیزا دایرێکت" هاوکارە دەبێت لە نزمکردنەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×