بڕیاره سبه‌ی یه‌كشه‌ممه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی به‌غدا بكات‌و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران‌و به‌رپرسانی باڵای دیكه‌ی عێراق كۆببێته‌وه.
ئاوێنه: سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حكومه‌تی عێراقی به‌ماڵپه‌ڕی (RT)ی روسی راگه‌یاندووه، سبه‌ی ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات‌و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران‌و به‌رپرسانی باڵای دیكه‌ی عێراق له‌باره‌ی دۆخی غه‌ززه كۆده‌بێته‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌كاتێكدایه كه دوای شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی نێوان ئیسرائیل‌و بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی، "مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق" كه له‌چه‌ند گروپێكی چه‌كداری حه‌شدی پێكهاتون، بەرپرسیارێتی خۆیان لەزیاتر لە 18 ھێرشی موشەکی و درۆنی راگەیاندووە، کە لەعێراق‌و سوریا کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
له‌ئێستادا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ردانێك له‌ناوچه‌كه‌یه‌و ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌ردانی ئیسرائیل‌و ئوردنی كرد‌و بڕیاره سەردانی هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی تورکیا، ژاپۆن، کۆریای باشور‌و هیندستان بكات.
دوای ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ڕۆی 7ی 10ی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا سێ‌جار سه‌ردانی ئیسرائیل‌و چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی كردووه.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووه، بلینکن لەسەردانەکەی ئه‌مڕۆیدا "پرسی ئۆپەڕاسیۆنی وشکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو رێکكارەکانی ئازادکردنی بارمتەکان" لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەبیڤ و ناوچه‌كه تاوتوێ دەکات.