وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبەغدا: ھێرشی‌ گروپەکانی نزیک لەئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانمان قبوڵنەکراوه‌
  2023-11-05       370       

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێک گەیشتە بەغداو لەیەکەم وێستگەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە. بلینکن ڕایگه‌یاند، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک لەئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبوڵنەکراون." 

ئاوێنه‌: كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتنی ئەنتۆنی بلینکنی بۆ عێراق راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا قسەی کردو وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک لەئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبوڵنەکراون." 
 
وتیشی‌، "نامانەوێت لەگەڵ ئێران روبەڕوبونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاوڵاتییانمان دەگرینەبەر." 
 
بلینکن باسی کۆبونەوەی لەگەڵ سودانی کردو ئاشکرای کرد، لەکۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانی، بەرونی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئاراستەی ئەمەریکا دەکرێت لەعێراق‌و دوپاتیکردەوە، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە دوبارەنەبنەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بلینکن باسی لەوەشکرد، گفتوگۆیەکی راشکاوو گشتگیری لەگەڵ سودانی ئەنجامداوەو ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵی ئەوە دەدەن کە جەنگی ئیسرائیل و حەماس تەشەنە نەکات و بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەپەڕێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، کاری لەپێشینەی دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەی لەئێستادا رێگریکردنە لەفراوانبونی بەرەی ئەو جەنگەو لەگەشتەکەیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پەیامەیان بەهەمووان گەیاندووە.

ماوەی چەند رۆژێکە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێک گەیشتۆتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی جەنگی ئیسرائیل و حەماسیش مەبەستی سەرەکی سەردانەکەیەتی.

دوای ئەوەی دوێنێ شەممە لەئوردن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی لەبارەی پرسی جەنگی ئیسرائیل و حەماس کۆبوەوە، ئەمشەو بە سەردانێک گەیشتە عێراق‌و بڕیاریشه‌ سەردانی تورکیا بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×