ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، داوای له محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردوه كه لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق، ده‌شڵێت، "هێرشكردنه سەر هێزەکانی ئەمریکا قبوڵ ناکرێت".
ئه‌نتۆنی بلینكن دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردو به هێله‌كی گولله نه‌بڕه‌وه گه‌یشته به‌غدا له په‌یامێكدا له پلاتفۆڕمی "X" (پێشتر تویته‌ر) رایگه‌یاند، شه‌و رابردو له به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوه‌ته‌وه "بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەینەوە کە دەبێت ڕێگری بکەین لە بڵاوبونەوەی ململانێکانی ناوچه‌كه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "داواملێکرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و باسم لە کارەکانمان کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە".
سه‌ردانه‌كه‌ی ئەنتۆنی بلینکن بۆ به‌غدا رانه‌گه‌یه‌ندرابو (له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی)، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی دوه‌مین گه‌شتیدا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دوای سه‌ردانی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس، له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوشدا ژماره‌یه‌ك هێرشكراوه‌ته سه‌ر هێزه‌كانیان.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کورت‌دا، لە کۆتایی دیدارەکەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، بلینكن وتی، "بە تەواوی ڕونمكردوه‌ته‌وه كه ئەو هەڕەشانەی کە لە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە دێن، بە تەواوی قبوڵ ناکرێن".
هه‌روه‌ها به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و تورکیا بەڕێبکەوێت باسی له‌وه‌كرد، "رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر".
واشنتن، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستی لەم هێرشانەدا هەبوە، کە هێزەکانی ئەمریکاشیان لە سوریا کردە ئامانج، زۆربەی ئەو هێرشانە لەلایەن "بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق"ەوە بانگشه‌ی بۆ کران.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هێرشانەی سه‌ركۆنه کرد و هێزە ئەمنییەکانی ئاڕاستە کرد بۆ ئەوەی "بەدواداچون و شوێنپێهەڵگرتنی ئەو گروپانه بکەن کە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن".
سودانی پێشتر بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە "جینۆساید" لە دژی گەلی فەڵەستین وەسف کرد و داوای ئاگربەستی کرد، هاوكات داوایكردبو سندوقی پشتیوانی بۆ فه‌ڵه‌ستین دروستبكرێت و ئاماده‌یی به‌غدای بۆ هاوكاریكردنی هاوڵاتیانی غه‌ززه ده‌ربڕی.